کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھادی عەزیزی: سمكۆی شكاک كۆتێزی بیرۆكەیەكی نەتەوەیی و سیاسییە

17:46 - 23 بانەمەڕ 2719

وتووێژ: کاروان مێراوی

پاش دابەشبوونی کوردستان لە دوو قوناغی مێژوویی و داگیرکردنی کوردستان و سەپاندنی دەسەڵاتگەلێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر کە بەردەوام لە ڕێگاگەلی جۆراجۆری دڕندانە و بە سەدان شێوازی نامرۆڤانە هەوڵی تواندنەوە نەتەوەی کورد و بە تاڵانبردنی خاکی کوردستانیان داوە، شۆڕش و بزووتنەوەگەلێکی خەڵکیی و ئازادیخوازانە لە لایەن کوردەکانە بە ڕێبەرایەتی کەسانێکی بیرمەند و وریای کاتە دیاریکراوەکان سەریان هەڵداوە، کە تاکوو پێش لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد لە ساڵی ۱۳۲۱ی هەتاوی و پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، لە لایەن کۆمەڵێک زانا و تێگەیشتوو بە ڕێبەرایەتی پێشەوا قازی محەممەد، دوژمنانی نەتەوە کورد و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان بە شەهیدکردن و تێرۆری ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوانە بە شێوەگەلێکی فێڵاوی و بۆسەنانەوە، شۆڕشەکانیان داپڵۆساندووە و سەرکوتیان کردووە.

یەکێک لەو شۆڕشانە کە دوای شەڕی جیهانی یەکەم سەری هەڵدا و داگیرکەران پاش تێرۆر و شەهیدکردنی ڕێبەرەکەی هەوڵی داپڵۆساندنی شۆڕشەکەیان داوە، شۆڕشی سمکۆ ئاغای شکاک، لە ناوچەکانی ورمێ و دەوروبەری، بە ڕێبەرایەتی ئیسماعیل ئاغای سمکۆ، ناسراو "سمکۆ ئاغای شکاک" بوو، کە لە لایەن حکوومەتی پاشایەتی ئەو کاتەی ئێرانەوە، بە فێڵی دانیشتن بۆ وتووێژ لە سەر پرسی ئەو شۆڕشە لەگەڵ سمکۆ ئاغای شکاک، ئەو ڕێبەرەیان شەهید کرد و کۆتاییان بە شۆڕشەکەی هێنا.

ئێستاش سەرەڕای ئەوەیکە نزیک بە ۹۰ ساڵ لە شەهیدبوونی سمکۆی ئاغای شکاک و سەرکوتی شۆڕشەکەی تێپەڕ دەبێت، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، بە تایبەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بیر و هزری نەوەکانی سمکۆی ئاغای شکاک کە ڕێبازەکەی ئەویان گرتووەتە پێش دەترسێن و بەم هۆکارەشەوە زۆر جار بێڕێزی بەو ڕێبەرە و ڕێبەرانی تری نەتەوەی کورد دەکەن.

لە پەیوەند لەگەل کەسایەتی، بیر و هزر و شۆڕشەکەی سمکۆ ئاغای شکاک، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "هادی عەزیزی"، کوردۆلۆگ و لێکۆڵەری مێژوو، پێک هێناوە کە سەرەنجی خوێنەرانی بەڕێزی ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، بۆ خوێندوەی ڕادەکێشین.

کاک هادی، سمکۆی ئاغای شکاک بە باوکی ناسیۆنالیزمی کورد پێناسە دەکرێت، هۆکاری ئەم پێناسەیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

پێموابێ لێرەدا دەبێت تیشک بخەینە سەر چەند ڕوانینێک، كە تێیدا سمكۆ ئاغای شکاک، وەک كەسایەتی و بزووتنەوەی كوردی تێیدا بەرجەستە دەبن.

بە پێی لێكدانەوەی مێژووی ئەم سەدەیە و بە تایبەتی لە دەستپێكی ئەم سەدەیەدا، دەتوانین بڵێین شەھید سمكۆی شكاک تەنیا ڕێبەری بزووتنەوەیەک بووە كە بە درێژایی دە ساڵی ڕەبەق، بێ پسانەوە شەڕی لە گەڵ داگیركەری كوردستان كردووە. ھەر وەھا سمكۆی شكاک تەنیا كەسایەتی نییە، بەڵكوو كۆتێزی بیرێكی سیاسی و نەتەوەییە كە لە زەمەنی حوكمڕانی سێ داگیركەری زەند و قاجار و پەھلەویدا بەرۆكی بە داگیركەری كوردستان گرتووە و داوای ماف و ئازادیی كورد دەكات.

بزووتنەوەی سمكۆی شكاک تەنانەت بە لای دوژمنەكانیشەوە بەڕێزەوە سەیر كراوە و وەک بیرەوەرییەكانی حەسەن ئەرفەع كە چاو لێبكەین، دەبینین لە پێناو ڕوانینی بۆ سمكۆ چۆن بە حورمەت و سیاسیبوونەوە باسی دەكات، كە ئەمە لە كاتێکدایە كە خۆی ساڵانێک دژی سمكۆی نەمر شەڕیشی كردووە.

بەشێكی دیكەی ئەم نازناوە دەتوانین بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە ئەگەر سمكۆی شكاک مارشەمعونی نەكووشتبا، ڕەنگە ئێستا ھەتا موكریانیش بە سەرحەدەوە دەوڵەتێكی دیكەی ئەرمەنی یان ئاشۆری فەرمانڕەوا بایا.

كەوابوو بە پێی پرەنسیب و قۆناغی ئاكادمی بوونەوەی شۆڕشی كورد لەم سەدەیەدا دەتوانین شەھیدی نەمر سمكۆی شكاک و بزووتنەوەكەی وەکوو بەردی بناغەی ناسیۆنالیزمی كورد ناوزەد بكەین.

ئایا لەو سەردەمەدا کە کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار بە سەر کوردستاندا زاڵ بوو، سمکۆی شکاک تا چەندە توانی ناسیۆنالیزمی کوردی پەرە پێ بدات؟

سمكۆ لەم قۆناغەدا ھەنگاوی جوانی ھەڵگرتووە. بۆ نموونە دامەزراندنی یەكەم قوتابخانەی كوردی لە ساڵی ١٩١٣ی زایینی، بە یارمەتیدانی نەمر عەبدوڕەزاق بەدرخان، كە لە شاری خۆی و ھەروەھا دەركردن (بڵاوکردنەوە) و وەشانی ڕۆژنامەی ڕۆژی كورد و شەوی عەجەم، كە نیشاندەری ھەنگاوی جوان و بەھێزن بۆ قۆناغێک لە كوردایەتی و ناسیۆنالیزمی كوردی.

ساڵی ١٩١٤ی زایینی، ئەوان ڕێكخراوێک بە ناوی كۆمەڵەی جیھاندانی كوردیش دادەمەزرێنن كە تێدا داوای مافی ڕەوای كورد دەكەن.

سمكۆی شکاک، بۆ پێكھێنانی بەرەیەكی گەورەی كوردی حەولی زۆری داوە و ھەر بە كۆبوونەوە لە گەڵ مەنگوڕەكان و سەردانی سلێمانی بۆ لای شێخ مەحموود و كۆبوونەوەی سەید تەھای شەمزینی، لە گوندی دەرمانی بۆكان لەگەڵ ئاغاكانی موكریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ لەشكەری پەھلەوی و خاڵۆ قوربان ھەمووی نیشاندەری ئەم ھەنگاوانەن كە سمكۆ ناوییەتی، ھەروەھا تێكشكانی لەشكەری پەھلەوی لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگی و ناردنی تۆپەكانی لەشكەری ئێران بۆ قەڵای چەھریق وەکوو خەڵات بۆ سمكۆ، نیشاندەری ئەو ڕاستییەن كە ھەنگاوەكانی سمكۆی شکاک توانیبووی ئاڵقەیەكی بەھێزی نەتەوەیی لە ناوچەكەدا درووست بكات.

بۆچی دوای تێرۆرکردنی باوکی ناسیۆنالیزمی کوردی، شۆڕشەکەی هەرەسی هێنا؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەكرێت گریمانەی چەند شتێک بكەین. بۆ نموونە ئێمە دەبێت لە كەسایەتی ناو شۆڕش و بە تایبەتی خۆدی كەسایەتی سمكۆی نەمریش ورد ببینەوە.

لە شۆڕشی سمكۆدا جۆرێک تەنیاییش دەبیندرێت.

زۆرینەی ئەوانەی لە دەوری سمكۆ بوون، ھەموو چاوڕوانییەكانیان بۆ سمكۆ دەگەڕاوە، سمكۆیەک كە كراسی خوێناویی باوک و باپیر و برا و دایک و بگرە چەند بەرەی پێش خۆشی ھەر لە كۆتایی زەندەوە ھەڵگرتبوو.

دەكرا ئەم شۆڕشە بە شەھیدبوونی سمكۆش درێژە پێبدرێ، بەڵام ئەگەر چاو لە زەمەنی شەڕەكان بكەین ماندووییەک بە ڕووخساری دۆخەكەوە دیارە كە بەشێكی ئەم دۆخەش سمكۆی تووشی شەھیدبوون كرد.

لە ھەمووشی گرینگتر زۆرینەی دەسەڵاتداران و ئاغاكانی ناوچە وەکوو والیی حكیومەتی ناوەندی بۆ ئیدارەی ناوچەكەیان ڕاسپێردرابوون، كە سەلماندنی ئەوەش مێژووی دوای نەمانی سمكۆ دەیسەلمێنێت.

ھەر بۆیە شەھیدبوونی سمكۆی ئاغای شكاک وەکوو شكانی بزووتنەوەیەک خۆی دەنوێنێت، ئەگەرچی كوڕەكانی خۆی دواتر ھەموویان بەشدارییان لە كۆماری كوردستاندا كرد.

لە کاتێکدا سمکۆ ئاغای شکاک، دەیزانی کە لە کاتی وتووێژدا تێرۆر دەکرێت، بۆچی حازر بوو لەگەڵ ڕێژیمی داگیرکەری ئەو کاتەی کوردستاندا دانیشتن بکات؟

ترسی حكوومەت لە بزووتنەوەكە و ماندوویی شەڕی سمكۆ و دیتنەوەی چارەسەری ئاشتییانە و ھەروەھا متمانەی سمكۆی شكاک بە سەرھەنگ سادقی نەورۆزی كە نامەی ئەمان و گەڕانەوەی بۆ ناردبوو، دەتوانن ھۆكار بن.

ڕەعنا خانمی خێزانی سمكۆ ئاغای شکاک لە خزمەكانی سەرھەنگ سادقی نەورۆزی بوون و ئەو دەیویست دیدارێكیان بۆ لە گەڵ حكوومەتی ناوەندی بۆ ڕێک بخات.

لەو سەردەمەدا زۆر كەس ویستوویانە سمكۆی شکاک لەو داوە تێبگەیێنن، بەڵام ھەبوونی كەسانێكی وەکوو شەھید خۆرشید ئاغای ھەركی كە لەگەڵ سمكۆ شەھید بوو، ھەمیشە لەشكەری دوژمن و عەجەمیان بە كەم داناوە، دەنا نەدەكرا سمكۆ بە ئاسانی ئاوا شەھید بكرێت.

سمكۆی شكاک وای دانابوو بە ئاشتی كۆتایی بەو ھەموو ساڵە ھەوراز و نشێوە بێت، بەڵام مخابن وەکوو خولانەوەی بازنەی مێژوو، شەھید سمكۆی شكاكیش بە ناوی ئاشتییەوە دوژمن شەھیدی كرد.

وەکوو دواپرسیار، بۆچی دوای تێپەڕینی نزیک بە ۹۰ ساڵ لە تێرۆری سمکۆی ئاغای شکاک، ئێستاش دوژمانی نەتەوەی کورد هێرش دەکەنە سەری؟

وەکوو سەرەتا باسمان كرد، سمكۆی شکاک ھێما و سومبۆلی قارەمانییەتی نەتەوەیەكی مەزلوومە كە داوای مافی خۆی دەكات.

كەوابوو دەكرێت بۆ ھەموو سەردەمێک نموونەی خۆڕاگری و بەرەنگاری بێت، دوژمنیش ھەمیشە حەولی داوە ھێما و سونبولەكان بڕوخێنێت، وەکوو ئەوەی وا لە پێشانگای بە ناوی كتێبەوە لە تاران لە دژی شەھیدی ڕێبەر دوكتور قاسملووش كردیان.

لە لایەكی دیكەشەوە دەكرێت بڵێین لەو دۆخە ناسكەی ئێستای ڕێژیمدا حەول بدا دوو نەتەوەی ئازەری و كورد بە گژ یەكتردا بكا، ھەتا ھەر دوو نەتەوەکە لە ئامانجی سەرەكیان كە ڕووخانی ڕێژیمە دوور بكەونەوە.

بەڵام، نەک ڕێژیمی ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە بەھا و قەدر و ڕەمزەكانی نەتەوەی كورد بكەن، بەڵام ئەم كارانەش وەکوو بەشێک لە شەڕی دەروونی و ڕەوانی ڕێژیم بەرانبەر بە گەلەكەمان چاوەڕێ دەكرێت و دەتوانین بڵێین داگیركەر و دوژمن لە ھەموو دۆخ و زەمەنێکدا ھەر دوژمنی نەتەوە و خاکی کوردستان و خەڵكی كوردن.

بیوگرافی: ھادی عەزیزی ساڵی ١٣٦٣ی ھەتاوی لە شاری بۆكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایك بووە، بواری كۆمەڵناسی خوێندوە و ئێستاش وەکوو چالاكی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە بواری كوردۆلۆژی و مێژووناسی و لێكۆڵینەوەی بواری مێژوو، پەرە بە چالاکییەکانی دەدات.

ساڵی ۱۳۸۷ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲۰۰۸ی زایینی، لە لایەن ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێرانەوە، بۆ ماوەیەک زیندانی دەکرێت و دواتر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە کوردستان دوور دەخرێتەوە و لە شاری سمنان تەبعید دەکرێت، هەر لەو ماوەیەشدا كە بۆ سمنان دوور خراوەتەوە، لە كۆمەڵگەی كوردانی خۆراسان نزیك دەبێتەوە و لەوێش خەریكی چالاكییەکانی دەبێت.

ساڵی ۱۳۹۱ی هەتاوی بەرانبەر بە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، بۆ یەكەمجار لە ناوەندی ئەدەبیی شاری بۆكان، وانەی شێوەزاری كورمانجی ژووروو بە مێتۆدی زانكۆی سۆربۆن، هەر لە شاری بۆكان دەڵێتەوە، لە ساڵی ۱۳۹۳ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲۰۱٤ی زایینی، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێ هێشتووە و نیشتەجێی شاری ھەولێری ‌پێتەختی باشووری کوردستان بووە کە هەنووکەش چالاکییەکانی لەو شارەی باشوور پەرە پێدەدات.