کوردستان میدیا: ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر چەندین بەڵگەی کاریی لە داهاتوودا گفتوگۆیان کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بانەمەڕ، كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوە چوو و چەندین كار و پرۆژەی كاریی تێیدا تاوتوێ كرا.
كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ قسە و باس و بڕیاردان لەسەر چەندین بەڵگەنامەی كاری ناوەند، بۆ پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان و پەیوەندی نێونەتەوەیی كە تێیدا لایەنەكان تێبینی و بۆچوونی خۆیان لەسەر بەڵگەنامەكان دەربڕی.
لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی كرێكار، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێشنیاری ڕاگەیەندراوێكیان بەم بۆنەوە خستە بەرباس كە لە لایەن ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە بدرێت. هەروەها لەكۆبوونەوەكەدا بڕیار درا ئامادەكاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی چەندین ڕێوڕەسمی تایبەت لە نێوخۆ و دەرەوەی كوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵیادی هێرشی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان بكرێت.
هەر لەم کۆبوونەوەدا، لەسەر بڕیاری دەوڵەتی ئامریكا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی قسە و باس كرا و بە ئاماژە بە ڕاگەیاندنی پێشووی ناوەندی هاوکاری لەم بارەوە، پێشهاتەكانی ئەو بریاڕەی ئامریكا لە لایەن بەشداربووانەوە تاوتوێ كرا.