کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆرتێگاس: ڕێژیمی ئێران ١٦ میلیارد دۆلاری سەرفی هێزە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا کردووە

12:46 - 2 رەزبەر 2720

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران ئەگەر بەدوای ئاشتییەوەیە بۆچی ١٦ میلیارد دۆلاری سەرفی هێزە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا کردووە.

"ئۆرتێگاس" لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "حەسەن ڕووحانی لە ٧٥ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئیدعای کردووە کە ئێران پشتیوانی لە ئاشتی کردووە و لەگەڵ توندڕەوی بەرەوڕوو بوونەتەوە".

ئۆرتێگاس لە درێژەی تویتەکەیدا نووسیویەتی: "ڕاستی ئەوەیە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ١٦ میلیارد دۆلاری خەرجی هێزە نیابەتییە تێرۆریست و هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە، ئەوە پارەیەکە کە ڕێژیم لە خەڵکی ئێرانی دزیوە و دەبێ بیگەڕێنێتەوە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی ئەگەر سەردەمی هێژموونی و دزەکردنێک کە ڕووحانی باسی لێوە دەکات کۆتایی پێ هاتووە، بۆچی ئێران هێزەکان و گرووپە نیابەتییەکانی خۆی لە عێراق ناکێشێتە دەرێ و هەوڵدان بۆ دزەکردن لە لوبناندا لەڕێگای حیزبوڵڵاوە کۆتایی پێ ناهێنێت.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە پڕ چەککردن و دابینکردنی ماڵیی هێزە نیابەتییەکانی، هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکەدایە.