کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا: ڕێژیمی ئێران پارەی پاش لابردنی گەمارۆکان بۆ خەڵک خەرج ناکات

13:18 - 8 خاکەلێوه 2720

"ئۆرتێگاس"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران پارەی بەرهەمهاتوو لە لابردنی گەمارۆکان بۆ خەڵکی ئێران خەرج ناکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوە، بە ئاماژەدان بە بابەتی ڕۆژنامەی ئامریکایی "وال ئستریت ژۆرناڵ"، سەبارەت بە پێویست‌ نەبوونی کەمکردنەوەی گەمارۆکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا وتی، ڕێژیمی ئێران پارەی بەرهەمهاتوو لە لابردنی گەمارۆکان بۆ خەڵکی ئێران خەرج ناکات.

ناوبراو لە کاردانەوە بەرانبەر بە بابەتەکەی ڕۆژنامەی "وال ئستریت ژۆرنال"، وتوویەتی، ڕێژیم خوازیاری پارەی نەخت بۆ دابینکردنی چالاکییە تێکدەرانەکانیەتی نەک یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ئێران.

ئەو بابەتەی ڕۆژنامەی "وال ئستریت ژۆرناڵ" باس لەوە دەکات، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خوازیاری نەمانی گەمارۆکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی و دەرمانییەکان بۆ خەڵکن.

هەروەها لە بەشێکی تر لە بابەتەکەدا هاتووە: "ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هێرشەکانیان دژ بە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەردەوامن و دانڵد ترامپ دەبێ لە بەرانبەر ئەو داوایانەدا خۆڕاگری بکات".