کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆکراین: ئەگەری پێکرانی فڕۆکەکەمان بە مووشەک هەڵدەسەنگێنین

17:09 - 19 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: شۆرای تەناهیی نەتەوەیی ئۆکراین ڕایگەیاندووە، تیمێکی لێکۆڵینەوەیان بۆ تاوتوێکردنی تەواوی ئەگەرەکان لەوانە هەبوونی مووشەکی ڕووسی لە شوێنی ڕووداوەکە بۆ تاران بەڕێ کردووە.

هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بەفرانبار، ڕایانگەیاندووە، گرووپێکی ئۆکراینی بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی "بووئینگی ٧٣٧" گەیشتوونەتە تاران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، "ئۆلێکسی دانیالۆف"، سەرۆکی شۆرای تەناهیی نەتەوەیی ئۆکراین، وتوویەتی: "تیمی لێکۆڵینەوە، بەتایبەتی تاوتوێ بۆ یەکێک لە گومانەکان کە گوایە پاشماوەی مووشەکێکی ڕووسی لە شوێنی ڕووداوەکە هەبیت و بەو هۆیەوە فڕۆکەکە کەوتبیتە خوارەوە دەکەن".

"دانیالۆف" ڕایگەیاندووە، هەندێک زانیارییان  سەبارەت بە هەبوونی پاشماوەی مووشەکێکی ڕووسی لە شوێنی ڕووداوەکە لە ئینتێرنێت دیوە کە لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی: "ئۆکراین خەریکی گەڕان بە دوای ئەگەرەکانی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەوەن، لەوانە: ئەگەری هیرشی مووشەکی، پێکدادان، تەقینەوەی مۆتۆر یان کردەوەی تێرۆریستی لەنێو فڕۆکەکەدا".

ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران، پاش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی "بووئینگی ٧٣٧"ی ئۆکراین ڕایگەیاندبوو، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە "کێشەی تەکنیکی" بووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە هیچ پەیامێکی ڕادیۆیی سەبارەت بە هەبوونی بارودۆخێکی نائاسایی لە فڕۆکەکەوە بە دەستیان نەگەیشتووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، "عەلی عابدزادە"، سەرۆکی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، "سندووقی ڕەشـ"ـی فڕۆکەکە ناگەڕێنینەوە بۆ ئامریکا، ڕۆژی دواتر ناوبراو ئەو ئیدعایەی وەدرۆ خستووەتەوە و وتوویەتی هەواڵنێرەکان بەپێچەوانە تێگەیشتوون.