کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ی ئاڤریل، ڕۆژی جیهانیی کتێب

13:24 - 4 بانەمەڕ 2722

بێهزاد قادری

٢٣ی ئاڤریل کە ئەمساڵ بەرابەر بوو لەگەڵ ٣ی بانەمەڕ، ڕۆژی جیهانیی کتێب و کتێب خوێندنەوە بوو. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی، لەلایەن ڕێکخراوەی جیهانیی یوونسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانیی کتێب و کتێب خوێندنەوە دیاری کراوە. ٢٣ی ئاڤریل بەرابەرە لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەرانی وەک: "ویلیام شێکسپییەر لە بریتانیا، میگێل دێ سێروانتس لە ئیسپانیا و ژووزێف پێلا لە ناوچەی کاتالۆنیای ئیسپانیا"؛ هەروەها بەرابەرە لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی "مووریس دێرۆئۆن" نووسەری فەرانسەوی و "مانووئێل مێجیا والخۆ" نووسەری کۆلۆمبیایی. ئایدیای ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژی جیهانیی کتێب، یەکەمین جار لە کاتالۆنیا سەرچاوەی گرت. لەوێدا و لە ڕۆژی ٢٣ی ئاڤریلدا، ڕۆژی "سێن ژۆرژ"، لەگەڵ هەر کتێبێک کە دەفرۆشرا، چڵێک گوڵی ڕۆز وەک دیاری بە کڕیارەکە دەدرا.

بەگشتی پێویستە کە بڕیاردەران و سیاسەتوانان، چاپەمەنییەکان، مامۆستایان و کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێگا کاریگەرەکانی پەرەپێدانی تاقانە ئامرازی بێ جێگیر بۆ بەدەستهێنانی زانست و زانیاری، واتە کتێب، بگرنە بەر. دەبێ لە بیرمان بێت کە هێشتا نزیکی ٨٠٠ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان، لە نێعمەتی خوێندن و نووسین بێبەرین کە دوو لەسەر سێی ئەم ڕێژەیە ژنانن. ئازادیی خوێندن، فێربوون، دەستپێڕاگەیشتن بە فەرهەنگە نائاشنا و لێکۆڵینەوەکان، لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە. هەمووان دەبێ مافی پەروەردە و بارهێنانیان هەبێت.

کتێبەکان فام و تێگەیشتنی ئێمە لە بواری جیهانی دەوروبەرمانەوە زۆرتر دەکات و دەرفەتی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونمان پێ دەبەخشێت. کتێبەکان، بەرهەمی زانستی و هونەرین و پەرە بە هزرە نوێیەکان دەدەن. کتێبەکان زانستی جیهانی بەرهەم دەهێنن و گفتوگۆی نێوان فەرهەنگەکان ئاسانتر دەکەنەوە و ئامرازێکن بۆ ئاشتی. ئەوەی مانا بە کتێب دەبەخشێت، پرسیارە قووڵەكانیەتی. لە توانایدایە مرۆڤ بكاتە بوونەوەرێكی پرسیاركەر کە بەردەوام بیر دەکاتەوە. دەشتوانێت مرۆڤ و خوێنەرەكانی بكاتە كۆیلە و بێخەیاڵ.

لەلایەکی ترەوە، زیندوویەتیی ھەر نەتەوەیەک، پەیوەستە بەوەی چەندە ئەھلی خوێندنەوە بن و چەندە دۆستی کتێب بن. لە ھەر پانتاییەکی جو‌غرافیایی گەورە یان بچووکدا، ئەگەر خەڵکەکەی بایەخیان بە خوێندنەوە دا و پەرەیان بە کتێبخوێندنەوە دا، بێگومان ئەو گەلە قسەی بۆ وتن هەیە و دەکرێت بڵێین گەلێکی ھۆشیارە. بەپێچەوانەشەوە ھەر ڕاستە؛ واتە کۆمەڵگەیەک کە بایەخی بە کتێب‌خوێندنەوە نەدا، دواکەوتووە.

بۆ ئەوەی پێشەکەوتن و گۆڕانکاری لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا بێتە گۆڕێ، مرۆڤ پێویستی زۆرتری بە ناسینی خۆی و کۆمەڵگە دەبێت و دەبێ ئاگای لە ڕابردووی خۆی بێت و ئەزموونەکانی بۆ ئێستا بگوازێتەوە و بە کەڵکوەرگرتن لێیان، ڕێگە بۆ داهاتوویەکی بەختەوەر و هۆشیار خۆش بکات.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە سەرانەی کتێب خوێندنەوە لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بە به‌راورد لەگەڵ وڵاتانی جیهانی سێیەم و ئەو وڵاتانەی کە دواکەوتوو دێنە ئەژمار، زۆر زۆر بەرزترە. بۆ نموونە، لە وڵاتی ژاپۆن ٩٠ خولەک، لە ئینگلیس ٥٥ خولەک، لە فنلاند ٥٠ خولەک و لە ئامریکا ٢٠ خولەک لە ڕۆژدایە.

لە ئێران ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە سەرانەی کتێب خوێندنەوە، ئەگەر خوێندنەوەی قورئان و کتێبی دەرسیی لێ بسڕینەوە، ٢ خولەک لە ڕۆژدایە و ئەمە واتە قەیران! قەیرانێک کە ڕاستەوخۆ، ڕێژیمی ئێران بە پەروەردە و بارهێنانی هەڵە خولقاندوویەتی.

لە هۆکارەکانی نزمبوونەوەی ئاستی خوێندنەوە لە ئێران، سانسۆر و سیاسەتە فەرهەنگییەکانی ڕێژیمە و سانسۆر لە هەموو بوارێکەوە، تەنانەت لە بواری زانستیشدا دەکرێت، بەتایبەت سانسۆر لە بەشی سیاسی، مەزهەبی و جینسیدا. هەروەها سیاسەتەکانی ڕێژیم وای لە خەڵک کردووە کە خەڵک هەست بە پێویستبوونی خوێندنەوە نەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە، تێچووی بەرزی کتێبە بڵاوکراوەکان و پشتیوانی نەکردن لە نووسەران و دەرچوونی بلیمەتەکان لە وڵات، ئاستی خوێندنەوەی نزم کردووەتەوە و ڕۆژبەڕۆژ نزمتریشی دەکاتەوە. هەڵبەت ئەوەش بڵێین کە لە وڵاتێكی ٨٠ ملیۆن کەسی کە ڕێژەی تیراژی كتێبەكانی ٥٠٠ دانە بێت، باسكردن لە بەهای كتێب، جۆرێک لە وەهم و خۆگێلكردنە!

لەلایەکی ترەوە، لە سەرەتاكانی خوێندنی قوتابخانەدا، ژێرنەخشی دۆستایەتیی نێوان مرۆڤ و كتێب دروست دەكرێت. بەڵام لای قوتابییانی نێو چوارچێوەی ئێران، دۆخەکە جیاوازە! هەر لە سەرەتای قوتابخانەوە كتێب دەبێتە مۆتەکە و ڕۆژانە قوتابییان ئازار دەدات! بەڵام بۆچی؟!

سیاسەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە خەڵک ناهۆشیار و بێ زانیاری بمێنێتەوە، تاکوو باشتر بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و تەمەنی ڕێژیمەکەی درێژتر بکاتەوە، بۆیە بە هەموو شێوازێک سانسۆر دەکات و تەنیا شتێک کە لەلای گرینگە پەرەپێدان بە ئایدیۆلۆژیی خۆیەتی نە شتێکی دیکە.

وێڕای ئەم سیاسەتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ هەموو ئێران، سیاسەتی ڕێژیم بەنیسبەت کوردستانەوە جیاوازترە و گوشاری زۆرتر و ئاسیمیلاسیۆنێکی توندتر لەسەر ئێمەیە و بێ هەڵوێستیی ئێمە لەم بوارەدا بەدڵنیاییەوە دۆخەکە قەیراناویتر دەکاتەوە. بۆیە پێویستە ئێمەش ئەم وتەیەی "ڤیکتۆر هۆگۆ" لەبیر نەکەین کە دەڵێت: "بۆ لەنێوبردنی فەرھەنگی گەلێک، پێویست بە سووتاندنی کتێبەکانیان ناکات، بەڵکوو ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی خەڵک کتێب نەخوێنێتەوە". واتە ئێمە دەبێ بخوێنینەوە و بخوێنینەوە و دواتر بنووسین و بنووسین، بە زمانی خۆمان بخوێنینەوە و بنووسین و نەهێڵین ڕێژیم لەو وتەیەی "ڤیکتۆر هۆگۆ" دژی ئێمە کەڵک وەربگرێت.

کتێب بە باشترین "ھاوڕێی مرۆڤ" ناوی دەر کردووە، بنەمای ھەموو شارستانییەت و پێشکەوتنێکە، ھەر گەلێک خۆشەویستی کتێب بێت، سەرکەوتنیان مسۆگەرە و ھەر گەلێکیش گرینگیی پێ نەدات ئەوا پێش ناکەوێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.