کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە و سێ دەرسی مێژوویی

13:46 - 9 خاکەلێوه 2721

ئیبراهیم جەهانگیری

لە مێژووی گەلانی جیهاندا هەندێک ڕووداو هەن کە لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان، نووسەران و ڕۆژنامەوانان سەرنجی تایبەتی لەسەرە، لە گۆشەیەکی بچووکی ئەم جیهانەشدا ڕووداوێکی گەورەی مێژوویی سەرنجی زۆر کەس و لایەنی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، لە نووسەر و ڕۆژنامەوانی نێوخۆیی و ڕێبەری حیزبە سیاسییەکاندا بگرە هەتا دەگاتە دیپلۆمات و نووسەرانی بیانی، دەیان بابەت و کتێبیان لەسەر نووسیوە، تەنانەت دوژمنانیش نەیانتوانیوە لە گەورەیی و عەزەمەتی ئەم ڕووداوە کەم بکەنەوە، ئەو ڕووداوە گەورەیە کۆماری کوردستانە کە لە ساڵی ١٣٢٤دا و لەژێر ڕێبەریی حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا، بە سەرکۆماریی پێشەوای نەمر "قازی محەممەد" لە چوارچرای مەهاباد ڕاگەیەندرا. کۆمارێک کە لەماوەی نزیک بە ١١ مانگ تەمەنی پڕ لە سەروەریی خۆیدا خاڵێکی دیار و وەرچەرخانێکی گرینگی مێژوویی بوو بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان.

تەمەنی کۆمار گەلێ کورت بوو، ٣٣٠ ڕۆژی زیاتر تێپەر نەکرد کە بە پیلانی داگیرکەران و بە بێوەفایی دۆستانی مەسڵەحەتویست و بە خیانەتی بەشێک لە کارگێڕانی ئەسلیی کۆمار واتە هەندێک لە دەرەبەگ و سەرۆک عەشیرەتەکان، هەرەسی هێنا و ئەو ئەستێرە گەشەی هیوای کوردان خامۆش کرا، ئەگەرچی بە تێکشکانی کۆمار و شەهیدکردنی سەرۆک کۆمارەکەی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی، خەم و خەفەت و تازییەباری و ناهومێدیی هەموو نێوماڵی کوردانی نیشتمانپەروەری گرتەوە، بەڵام کاردانەوەی کۆمار لەسەر خۆزگە و ئارەزووەکانی خەڵکی و ئەو شەهامەتەی سەرۆکی کۆمار بەرامبەر بە دوژمنانی کورد نواندی، بوو بە بەیت و شێعر و پەخشان، بوو بە میژوو، بوو بە بەڵگەی هەرمانی میللەتێک، بەتایبەتی هەڵکردنی ئالا وەک ڕەمز و هێمای بوونی نەتەوەیەک، هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە کورد نەتەوەیەکە و خاوەنی کیان و ئاڵایە، دیارە ئەم پەیامە لەلایەن پێشەوا و ڕێبەرایەتیی کۆمار هەم بە گوێی دوژمنان گەیەندرا و هەم بۆ بەرەی داهاتوو بوو بە ئەرک و وەزیفەیەک کە خۆی لەم ڕستەیەدا دەدیتەوە، تا وەدیهاتنی ئاواتەکانی کۆماری کوردستان کە ئاواتی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانە، زەحمەتکێشان، لاوان و ڕووناکبیرانی گەلی کورد، لە خەبات و قوربانیدان سڵ ناکەنەوە.

دوژمنانی ئازادی کە چاویان بەرایی دیتنی حکوومەتێکی ئازاد و دێموکراتیکی نەدەدا، بە هەزار درۆ و دەلەسە و بە فرێو و دەغەڵکاری توانییان زۆر بە ئاسانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە داو بخەن و دەسبەسەریان بکەن و پاشان لە دادگایەکی فەرمایشیدا و بێ ئەوەی پارێزەرێک بتوانێت داکۆکییان لێ بکات بەناو موحاکمە کران و پاشان لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦دا، لە چوارچرای مەهاباد حوکمی ئێعدامیان لەسەر "پێشەوا قازی" و "محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی" و "سەدری قازی" بەرێوە برد. ئەگەرچی هەتا ئێستاش هیچ سەرچاوەیەکی ئەوتۆ لە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی دادگا و محاکمەی قازییەکان لە بەردەستدا نییە بەڵام هەر بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە هەتا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پاشایەتیی ئەو کاتدا دراونە دەرێ، دەردەکەوێت کە پێشەوا زۆر ئازایانە بەرنگاری پیاوکوژانی ڕێژیمی پاشایەتی بووەتەوە.

 د. قاسملوو لە کتێبی ٤٠ ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادی و لەم پێوەندییەدا دەڵێ: "پێشەوا قازی لە ڕۆژەکانی یەکەمی شکانی کۆماری کوردستانەوە دوو پرسی زۆر بە چاکی لە بەرچاو بوو: یەکەم ئەوەیکە باش دەیزانی مردن چاوەڕوانییەتی، تاقیکردنەوەی چەندین ساڵ خەباتی گەلی کورد بۆی دەرخستبوو کە لەگەڵ دوژمنێکی زۆردار و فێڵباز تێکەوتووە کە بە خوێنی ئەو و هی وەک ئەو تینووە، هەر بۆیەش لەیەکەم ڕۆژی گیرانی هەتا دادگا فەرمایشییەکەی تێکۆشا کە خۆی بە بەرپرسی هەموو ڕووداوەکان و هەموو هەنگاوەکانی کۆماری کوردستان لە قەڵەم بدا. قازی دەیویست بەم جۆرە هەم بە ڕێگا و ئامانجەکانی گەلی کورد وەفادار بمێنێتەوە و هەم ئەوەندەی دەکرێ لە تاوانی هاوڕێیانی کەم بکاتەوە، تا بەڵکوو کەمێک سزایان سووکتر بکات. "
دووهەم ئەوە بوو کە پێشەوا قازی زۆر باش دەیزانی کە ئەوە شەخسی قازی محەممەد نییە کە دادگایی دەکرێ بەڵکوو ئەوە جووڵانەوەی دیمۆکراتی خەڵکی کوردستانە کە دادگایی دەکرێ، ئاوات و ئامانجەکانی کۆمەڵانی زۆر لێکراوی گەلی کوردە کە دادگای نیزامی بە تاوانیان دادەنێ. هەر بۆیەش وەک ڕێبەرێکی هەڵکەوتوو بەرامبەر بە جەلادە خوێنمژەکانی ڕیژیمی شا قارەمانانە ڕاوەستا و دیفاعی لە کۆماری کوردستان کرد.(١)

لەبارەی ئازایەتیی پێشەوا لە بەردەم بێدادگای ڕێژیمی پاشایەتیدا گەلێ باس و خواس هەن و هەمووی هەر باس لە ئازایەتی و چاونەترسیی پێشەوا دەکەن لە بەرامبەر دوژمنانی ئازادیدا. سه‌رهه‌نگ شه‌ریفی که‌ حکوومه‌ت کردبووی به‌ پارێزەری قازی محهم‌مه‌د له‌ دادگادا، سالی ١٩٥٦ هەندێک ڕاستیی خستووەته‌ ڕوو و ده‌ڵێ: "به‌داخه‌وه‌ بۆ قازی محه‌ممه‌د ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌ و دانایه"‌.

قازی محەممەد له‌ به‌رده‌م دادگادا به‌و په‌ڕی ژیری و بێ ترسەوە ده‌دوا؛ له‌ ڕا‌ستیدا ئه‌و دادگای دادگایی ده‌کرد.(٢)

دیاره‌ مه‌به‌ست له‌و ڕسته‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ ئه‌و دادگا‌ی دادگایی ده‌کرد ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ جیاتی داگیرکه‌ران قازی دادگایی بکه‌ن قازی ئه‌وانی دادگایی ده‌کرد. هه‌ر له‌وباره‌وه‌ پارێزەرە دیاریکراوەکەی پێشه‌وا لەلایەن خودی دەوڵەتەوە ده‌ڵێ که‌ قازی نه‌ته‌نیا دیفاعی له‌ گه‌لی کورد به‌ڵکوو داکۆکیی له‌ تێکڕای گه‌لانی ئێران ده‌کرد. ئه‌م پارێزەرە‌ که‌ خۆی یه‌کێک له‌ ئه‌فسه‌رانی سپای ئێران بووه‌ و مه‌حکه‌مه‌ بۆخۆی ئه‌وی بۆ پارێزەریی پێشه‌وا و هاوڕێیانی دیاری کردبوو له‌ جێگه‌یه‌کی دیکه‌دا و لە هەمان لاپەڕەدا ده‌ڵێ: "ئه‌وان قاره‌مانانه‌ به‌رگرییان له‌ کێشه‌ و بیر و باوه‌ڕی خۆیان ده‌کرد به‌ جۆرێک که‌ دادگا‌ پێی سه‌رسام بوو، ئه‌وان هه‌رگیز له‌ کرده‌وه‌کانی خۆیان په‌شیمان نه‌بوون.(٣)

 له‌باره‌ی درکاندنی به‌شێکی که‌م لەو‌ ڕووداوانه‌ی که‌ هه‌ڵسوکه‌وتی پێشه‌وا و هاوڕێیانی له‌ بێدادگای ڕێژیمی پاشایه‌تی وه‌ده‌ر ده‌خه‌ن هه‌موو ده‌لاله‌ت له‌ ئازایه‌تی و چاونه‌ترسیی ڕۆله‌کانی گه‌لی کورد و یه‌که‌م پێشه‌وا و سه‌رکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ته‌نانه‌ت له‌ کاتی شه‌هیدکردنیشیاندا ئه‌و کاره‌ له‌و په‌ڕی ترسنۆکیدا ده‌که‌ن و به‌ دزییەوە و به‌ بیانووی به‌ڕێکردن بۆ تاران کاتژمێر ٣ی نیوەشه‌و ده‌یان هێننه‌ چوارچرای مەهاباد (مەیدانی شاره‌داریی ئێستای مه‌هاباد). کاتێک پێشه‌وا چاوی به‌ داری ئێعدامه‌کان(قه‌ناره‌) ده‌که‌وێ ده‌سبه‌جێ ده‌زانێ چ باسه‌ و کاتێک دێته‌ ساڵۆنی شاره‌داری و چاوی به‌ پارسی ته‌بار ده‌که‌وێت ده‌ڵێ: "ئێوه‌ له‌ مردووەکانیشمان زه‌نده‌قتان چووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێت ئێعداممان بکه‌ن بۆ به ‌درۆ ده‌ڵێن کە گۆیا ڕامان ده‌گوێزنه‌ تاران!؟ وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ درۆزنی و دووڕوویی یاسای ئێوه‌یه‌...".(٤)

دیاره‌ له‌ به‌رچاوی پارسی ته‌بار حاکمی یەکەم و به‌ڕیوه‌به‌ری بێدادگای پێشه‌وا و هاوڕێیانی، پێشەوا دووباره‌ ڕوو ده‌کاته‌ مه‌لا سه‌دیق و به‌ فارسی دەڵێ بنووسه‌ مه‌لا سه‌دیق با نه‌ته‌وه‌ی کورد بزانێ که‌ من تا ئاخرین هه‌ناسه‌ی ژیانم هه‌روا ڕۆله‌ی به‌وه‌فای ئەو گەلە بووم.(٥)

ئه‌وه‌ی تا ئێستا و زۆر به‌ کورتی له‌مه‌ڕ محاکمه ‌و له‌داردانی پێشه‌وا و هاوڕێیانی سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی باسی لێوه‌ کرا یه‌که‌م ده‌رسه‌ کە له‌ سه‌رۆکێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گەلەکەی بەجێ ماوە، ئەگەرچی دوژمنان پێیان وایە کە بە شەهیدکردنی گەورە پیاوانی مێژووی پڕ لە شانازیی گەلەکەمان دەتوانن دەنگی گەل کپ بکەن، بەڵام خوێنی شەهید ئاو نییە ئاگری شۆرش بکوژێنێتەوە. قارەمانانی گەل و نیشتمان بە فیداکردنی گیان له‌ کاتی پێوێست و له‌ ڕێگای میلـله‌تدا گه‌وره‌ترین زه‌بر‌ له‌ په‌یکه‌ری داگیرکه‌رانی کوردستاندا ده‌وەشێنن و بە ئەو لەخۆبردووییەشیان بۆ هەمیشە دەچنە نێودڵ و دەروونی گەلەوە، هەر بۆیە ئێستا کە زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ به‌سه‌ر شه‌هیدکردنی سه‌رکۆماری کوردستان و هاوڕێیانیدا تێده‌په‌ڕێ ئەوان رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ هەر خۆشەویسترن تا ئەو جێگایەی کە ئێستا ئیدی بوون بە سیمبۆلیکی نەتەوەیی.

دووهەمین پرس کە پێویستە ئاوڕی لێ بدرێتەوە ئەوەیە کە بەداخەوە کەسانێکی هەلپەرست تەنیا بۆ خۆ شیرینکردن لەلای کاربەدەستانی ڕێژیمی پاشایەتی زۆر زوو پشتیان لە وەعدە و بەڵێنییەکانی خۆیان کرد و نە تەنیا پێشەوایان بەجێ هێشت بەڵکوو لە دژی ئەو مرۆڤە مەزنە کەوتنە پیلانگێران و وژۆ کۆکردنەوە، ئەوان بەو کارەیان هەتا مێژوو هەیە خۆیان و تەنانەت بنەماڵەکانیشیان شەرمەزاری گەلی کوردستان کردووە. (ئەگەرچی بنەماڵەی ئەو کەسانە لە ڕاستیدا هیچ پێوەندییەکیان بە ڕەفتاری خراپ و هەلوێستی خیانەتکارانەی پێشینیانی خۆیان نەداوە). ئەوەش بۆ لێ وردبوونەوە و هەڵوێست لەسەرکردن دەبێ، کە ئێستا نە پێشەوا ماوە و نە زۆربەی ئەو کەسانەی کە بۆ ئەوەی خۆیان لەلای دەربار خۆشەوێست بکەن لە دژی پێشەوا تۆماریان واژۆ کرد و پیلانیان گێڕا بەڵام قازی بوو بە قارەمانی میللەتەکەی خۆی و ئەوانیش قەرزدار و گوناهبار. (بۆ زانینی ناوەکان بڕواننە کتێبی نهێنییەکانی محاکمەی قازی و هاوڕێیانی، گردەوە کۆیی و وەرگێڕانی محەممەدڕەزا سەیفی قازی).

لە کەس شاراوە نییە کە یەکێک لە هۆیەکانی پێکهاتنی کۆمار ئەو هەلومەرجە نێو دەولەتییە بوو کە بەهۆی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە لە ئارادا بوو و شوێنیشی لەسەر کوردستان و ناوچەکەش دانابوو، یەکەمین پاڵپشتی دەرەکیی کۆمار یەکیەتیی سۆڤیەت بوو، بەڵام ئەوەی لە پێش هەموو کەسیشدا پشتی لە کۆمار کرد و لەگەڵ قەوام سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتدا کەوتە سات و سەودا و هیچ گوێی نەدایە ئەو بزووتنەوە و هێزەی کە بەر لە هەموو شتێک دژی دیکتاتۆری و دژی ئیستیعماری و بە گشتی دژی ئیمپریالیستی بوو، یەکیەتیی سۆڤیەت بەو کردەوەی بە کوردانی سەلماند کە دۆستانی دەرەکی لەوێ هەرە شۆرشگێڕیان بگرە هەتا ئەوی هەرە خۆ پارێز، هەتا سەر دۆستی کوردان نین و هەرکات قازانج و بەرژەوەندییان لەگەڵ دۆستایەتی یەکی گرتەوە ئەوا دۆستن و کاتێکیش لە جێگایەکی دیکە سەودا و مامەڵەیەکی باشتریان لێ هەڵکەوت ئەوا دۆستایەتییەکە نامێنی، ئەوە بوو کە بۆ سەودایەکی بچووکی بازرگانی گەلێک و نەتەوەیەکیان جارێکی دیکە بەژێر دەستەیی هێشتەوە، هەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هۆیانە بوو کە پێشەوا هەستی بەوە کرد داکۆکیی چەکدارانە فایدەی نییە و ڕەنگە تەنیا ببێتە هۆی وێرانی و مالوێرانیی زیاتر دەنا شتێکی دیکەی لێ شین نەدەبوو، ئەوە ڕێک ئەو خوندنەوەیە بوووە کە پێشەوا بۆ ئەو دۆخەی ئەو کاتی هەیبووە. هەر بۆیە بە ڕاوەستان و مانەوە لە پێتەختی کۆماردا بە پیریی مەرگێکی پیرۆزەوە چوو و بەم کارەش هەم ڕێگایەکی نوێی بۆ خەبات و بەرخۆدان نیشانی گەلەکەی خۆی دا و هەم بەم شێوە پێشی بە تۆڵە ئەستاندنەوەی دەسەڵاتی قین لە دڵی ڕێژیمی پاشایەتی بەرامبەر بە گەلی کورد گرت. دەبێ لێرەدا ئاماژە بەو بابەتە بکرێ کە لە بەرامبەر ئەو شێوە فیداکارییەی پێشەوادا مستەفا بارزانی یاری وەفاداری کۆمار و پێشەوا قازی ڕێگای بەربەرەکانێی چەکدارانەی هەڵبژارد و ئەویش و ڕێبازەکەی ئەویش بوو بە مێژووی سەرفرازی بۆ کورد.

دیارە کۆمار و سەرکۆمارەکەی بەو فیداکارییە بناخەی فکر و فەلسەفەیەکیان دانابوو کە تازە بە هیچ هێز و بە هیچ لایەنێک لە مێشکی کورداندا نەیەتە دەر، کورد نەتەوەیە و خاوەنی ئاڵا و خاوەنی میژووی دامەزراندنی یەکەم کۆماری دێمۆکراتیکی کوردستانە. پێشەوا لەو کاتەدا کە دوژمنانی ئازادی بەرەو سێدارە دەیان برد پاش دانی ئەو دروشمە بە هەنگاوی بە گۆڕ ڕوو بە سێدارەی بێدادی دەچێ و کاتێک دەیانهەوێ چاوی ببەستن دەڵێ: "ئەی خائینان من لە بەرامبەر میلـلەت و نیشتمانەکەمدا شەرمەزار نیم تا چاوم ببەستن... من دەمهەوێ لە دوا چرکەساتەکانی ژینمدا بە سەربەرزی و شانازییەوە چاو ببڕمە نیشتمانە خۆشەویست و جوان و دڵڕفێنەکەم کە چۆن بەرۆکی شەوە زەنگ و تاریکی دادەدڕێ.(٦)

سەرچاوەکان:
١ــ  چل ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادی ل ١١٩ د.قاسملوو
٢ــ  بارزانی لە مەهابادەوە ... بۆ ئاراس ژێرنووس ل ٢١١ نووسینی نەجەف قۆلی پەسیان، وەرگێڕ شەوکەت شێخ یەزدین
٣ــ هەمان سەرچاوەی پێشوو و هەمان لاپەڕە
٤ــ  نهێنییەکانی محاکمەی قازی و هاوڕێیانی، گردەوە کۆیی و وەرگێڕانی محەممەد ڕەزا سەیفی قازی ل ٧٠
٥ــ سەرچاوەی پێشوو هەمان لاپەڕە
٦ــ هەمان سەرچاوەی پێشوو ل ٧

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.