کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە سوید بەرز ڕاگیرا

22:56 - 16 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری ئێسکیلستونای وڵاتی سوید بە شێوەیەکی بەشکۆ بەرز ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی ئوریبرۆ، ڤێستەرمانلاند، سوێدەرمانلاندی وڵاتی سوید، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، کۆڕێکی ڕێزلێنانیان بۆ شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە، بە بەشداریی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتیخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دوکتور حوسێن خەلیقی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، نووسەر و سیاسەتمەداری کورد و هەروەها شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوید بە سەرپەرستیی ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتە، لە شاری ئێسکیلستونا بەڕێوە برد.

لەو کۆڕەدا، وێڕای کۆمەڵێک لە ئەندامان و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها ڕێژەیەک لە بنەماڵە سەربەرزەکانی شەهیدانی دانیشتووی ئەو سێ هەرێمە و دەورووبەری، کۆمیتەی لینشۆپینگی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێ خەڵکی ئەو شارە و هەروەها شاری ستۆکهۆڵم و چەند شوێنێکی دیکەی وڵاتی سوید، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پەیمان نوێ کردنەوە بە ڕێبازی پێشەوا و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان، بەشدارییان کرد.

سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‏دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان، بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی دەستی پێ‏کرد.
پاشان داوا لە دایە مریەم ڕۆستەمپوور دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کرا کە بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی شەهیدان، ٦٩ مۆمی یادی ٦٩ ساڵەی شەهیدانی کوردستان داگیرسێنێت.

پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی هەرێمی سوێدەرمانلاند، ڤێستەرمانلاند، ئوریبرۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن حەبیب بەهرامی خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا، مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و گەورەیی و وەفاداریی شەهید پێشەوا، کرد.

بەڕێز شیوەسەڵی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە؛ مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز چۆن دەژی و هەوڵ بۆ پێکەوە ژیان دەدات. گوتیشی پێشەوای نەمر دەیتوانی بۆ خۆی باشترین ژیانی هەبێ و دەکرا ببایە بە خاوەنی گەورەترین مڵک و سامان، بەڵام ئەو مەرگ و پەتی سێدارەی هەڵبژارد، ئەوەش مەزنی و کورد پەروەریی ئەو گەورە پیاوە دەگەیەنێت.

دواتر دوکتور حوسێن خەلیقی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و نووسەر و سیاسەتمەداری کورد، باسێکی سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و بوێری و لێهاتوویی پێشەوا قازی محەممەد پێشکەش کرد.

بەڕێز دوکتور خەلیقی وێڕای ئەوەی کە قسەکانی بەڕێز شیوەسەڵیی پشتڕاست کردەوە، گوتی پێشەوا تەنیا ڕێبەر و سەرۆک کۆمار نەبوو، پێشەوا سەمبول و ڕەمزی ئازادی و بەرخۆدانی گەلی کوردە، پێشەوا چرای ڕووناکیی ڕێگامانە.

دوکتور خەلیقی لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەیدا گوتی؛ دوژمنانی کورد تەنیا پێشەوایان لەسێدارە نەدا، کۆماریان ئیعدام کرد، هیوا و ئاواتی میللەتێکیان لەقەواخ ‏دا.

پاشان پەیامی کومیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوید، لە لایەن محەممەد ئەحمەدیەوە خوێندرایەوە.

هەروەها بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامیان بۆ ڕێوڕەسمەکە ناردبوو کە بریتن لە:
ــ برووسکەی ماتەمینی ـ حیزبی شیوعی کوردستان/ ڕێکخستنی شاری ئێسکیلستونا.
ــ برووسکەی ماتەمینی ـ کۆمەڵەی کوردی لە شاری ئێسکیلستونا.
ــ برووسکەی ماتەمینی ـ ماڵپەڕی خاکەلێوە لە سوید.

لە کۆتاییدا دوو پارچە هۆنراوە لە لایەن عەزیز موراد پەرست و مەلا محەممەد بێگزادەەوە پێشکەش کران.