کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو

17:10 - 18 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سوید لە شاری کاڵمار بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١٤ی خاکەلێوە، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کالماری وڵاتی سوید، سمینارێکی بە بەشدارییشاهۆ فەرازمەند و ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە و هەروەها نوێنەری هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکانی شاری کالمار بەڕێوە برد.

سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان جەلال ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، باسێکی لە سەر ١٠ی خاکەلێوە پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

دواتر شاهۆ فەرازمەند وتاریکی بەنرخی لە سەر دامەزران و دەسکەوتەکان و هۆی نسکۆی کۆماری کوردستان و هەروەها ڕۆڵ و فیداکاریی پێشەوای نەمر لەو پێوەندییەدا پێشکەش کرد.

فەرازمەند لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی کرد و قامکی خستەسەر چۆنیەتی ئەو پیلانانەی کە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە بە بەرنامەوە دژی کورد داڕیژرابوون و بۆمان دەرکەوت کە داعش بۆ شێواندنی ناوچەکە و دژی گەلی کورد دروست کراوە، بەڵام بەخۆشیەوە نەیان توانی بە سەر ئیرادەی پۆلایینی گەلی کورددا سەرکەون.

لەو سمینارەدا، پەیامی نۆێنەرایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە شاری ڤێکخۆی سوید، لەسەر دامەزرانی کۆماری کوردستان و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا لەوحەی ڕێزلێنان لە بنەمالەی سەربەرزی شەهید محەممەد دودکانلوو، لە لایەن شاهۆ فەرازمەندەوە پێشکەش بە کاک عادڵ دودکانلوو کرا.

سمینارەکه بە پرسیار، ڕەخنە و پێشنیاری بەشداربووان کۆتایی پێهات.