کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بەرز ڕاگیرا

18:27 - 17 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و ٦٩ هەمین ساڵیادی لەسیدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان و هاوڕێیانی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بە هاوکاریی کۆمیتە ناوچەی ڕۆمەریکە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بەڕێوە برد.

سەرەتای مەراسیمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن ئێبراهیم لاجانی، ئامینە عەبدوڵڵاپوور، ئەنوەر خان سوڵتانپەنا و ئامینە شاتری مۆمی ڕێز گرتن لە شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان داگیرسا.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدان لە لایەن عەزیم ئەلیاسی ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ پێشکەش کرا.

پاشان باسێکی بەنرخ لە لایەن موعتەسەم نوورانی لە سەر شەهیدانی کوردستان و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد و شەهیدانی کۆمار پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، هونراوەیەک لە لایەن ئەنوەر سوڵتانپەنابەوە بەو بۆنەوە پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

دواتر سروودی ئەی شەهیدان لە لایەن سمکۆ بێکەسەوە پێشکەش بە بەشداربوانی کۆڕیادەکە کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، عەبدوڵڵا حیجاب باسێکی بەپێزی سەبارەت بە کۆماری کوردستان و شەهیدانی کۆمار و خەباتی گەلی کورد لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا پێشکەش کرد.