کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی خەرمانان ڕۆژی پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی

12:41 - 11 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کەمپەینی ٢١ی خەرمانان، لە لایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دامەزراوە و داوا لە خەڵکی کوردستان کراوە کە بە چالاکیی تەبلغیی دیاریکراو، ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی "پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی" دیاری بکرێت.

لە بەرەبەری ٢١ی خەرماناندا، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات، کەمپەینێكیان بۆ ڕۆژی ٢١ی خەرمانان پێک هێناوە.

کەمپەینی ٢١ی خەرمانان لە هەوڵدایە هەتاکوو ٢١ی خەرمانان وەک ڕۆژی "پێکەوەبوون و بەرخۆدانی نەتەوەیی" بە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، بەبێ جیاوازیی بیرکردنەوە، پێشنیار بکات.

لەم کەمپەینەدا خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە هەڵمەتێکی نەتەوەییدا بە ئەنجامدانی هێماکانی پێکەوەبوون و ناردنی وێنە و ویدیۆ، بۆ جارێکی تر حەماسە دەخولقێنن و دەیسەلمێنن کە پێکەوەبوون دەبێتە هۆی سەرکەوتن.

هاوکات لەو کەمپەینەدا داوا کراوە کە خەڵک بە هەر شێوەیەک که دەتوانن لەو هێمایانە کە بۆ ئەو ڕۆژه دیاری کراوە، کەڵک وەربگرن.

ئەو هێمایانەی کە بۆ کەمپەینی ٢١ی خەرمانان دیاری کراوە بریتین لە: "وێنە و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژه، ناوی شار و ڕێکەوت لەسەر دەست بنووسرێت".

کەمپەینەکە بە ماوەی ١٢ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت.

لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران، لەسێدارەدانی لاوانی کورد و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، سەرجەم دووکان و بازاڕەکانیان داخست.