کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی سەرماوەز، تیشکێک لە شەوەزەنگی داگیرکاری

16:49 - 27 سەرماوەز 2721

ناسر ئەشرەفی

دەسەڵاتە خۆسەپێن و ستەمکارەکەی رەزاشا هەر لە یەکەم رۆژی هاتنە سەر تەخت (١٣٠٤) بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک شۆڤێنیست و پشتیوانیی زلهێزەکانی سەردەم دەستی بە کوژانەوەی ئاگری کوانووی کوردی کرد.

کەسایەتییە خاوەن وزەکان کە مەترسیی بەرەنگاریکردنیان لێ بکرایە بەکۆمەڵ راپێچی زیندانەکانی تاران کران. سەرهەڵدانەکان یەکەیەکە بە فێڵ و بە زۆر سەرکوت کران. سمکۆی مەزن، ڕێبەری هەڵکەوتووی کورد بە پیلان لە داو ئەخرێت و شەهید دەکرێت. خاتوو قەدەم‌خێر ڕێبەر و فەرماندەی ناوداری لوڕستان پاش چەندین ساڵ بەربەرەکانێ ئەویش لە ناو ئەبرێت.
ژاندارمەی برسی و بێ‌بەزەیی ڕەوانەی کوردستان دەکرێن و راسپێردراون کە ناونیشانێ لە کوردبوون نەهێڵن. جلوبەرگ و زمان قەدەغە کرا، ترساندن، نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکێ، باج و بەرتیل‌وەرگرتن، سەربازیی زۆرەملی و بێ‌حورمەتی بەرنامەی داڕێژراوی تاران بوو بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەی نەتەوەی کورد.

بەڵام میللەتی خاوەن ڕەگ و بنچینەی مێژوویی وەک کورد چۆن بە زریانی فاشیزم ڕەق هەڵدێت و لە ناو ئەچێت؟

لە ناو دڵی کۆمەڵگەی کوردی لە دێهات و شار هەستی نەتەوەیی و وڵات‌دۆستی پەروەردە دەکرا و بە بەیت و پەخشان، گۆرانی و گێڕانەوە، سامانی نەتەوەکەیان ئەپاراست و خۆیان تەیار ئەکرد بۆ رۆژی خۆی.

هەروەها لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەرگری و هێرشی پارتیزانی کە لە لایەن داگیرکەرەوە بە چەتەیی و رێگری ناوزەد دەکرا بوونی بووە.
بەڵێ!

ئەو رۆژە کە کورد چاوەڕێی بوو هات. لەشکری ستەمکاری رەزاشایی کە جۆگەی خوێنی لە کوشتنی نەتەوەکان رێک خستبوو، بەرانبەر بە هاتنی هێزی داگیرکەری دەرەکی (١٩٤١) تەقەی بۆ نەکرا و تەسلیم بوو. ئەمجار شا قۆڵبەست کرا و قۆڵبەستکراوەکانی کورد و لوڕی ناو چاڵەڕەشەکان گەڕانەوە زێدی خۆیان. لە هەموو کوردستان رێکخستنەکان پەرەی سەند. کۆمەڵەی ژ.ک درووست بوو.

چەککردنی شارەوانیی مەهاباد بە دەستی لاوانی سەربەستیخواز لە ١٦ سەرماوەزی ١٣٢٤ هیوا و وزەی جەماوەری شاری گەیاندە لووتکە. هەر بەدوای داگرتنی ئاڵای داگیرکەر، ئاڵای کوردستان هەڵکرا. پاش ماوەیەک کۆماری کوردستان، ئاواتی لە مێژینەی کورد دامەزرا.

ئەم ڕووداوانە بە شوێن یەکدا پێمان ئەڵێن کە لە کوردستانی کۆلۆنیکراو کە هەموو نیشانەکانی بوون وەک زمان، کولتوور، ئەدەب، ژینگە و مێژوو لە ژێر هێرشی سڕینەوە و وێرانکردندایە، بە بێ هێزی پێشمەرگە و کولتووری پێشمەرگانە مانەوە ئەستەمە.

لەو رۆژەوە کە هێزی پاراستنی کۆمار ناو نرا هێزی پێشمەرگە، هزرێک لە مێشکی تاکی کورددا درووست بووە و رۆژ بە رۆژ پەرە ئەستێنێت.

پێشمەرگە چەکداری عەشیرە و خێڵ نییە، سەربازی زۆرەملی نییە، لەپێناو تۆڵە و تاڵان شەڕ ناکات، بەڵکوو مرۆڤێکی خاوەن بیر و باوەڕە و لەپێناو پاراستنی کەرامەتی خۆی و هاونیشتمانیانی و ئازادکردنی زێد و ژینگەی داگیرکراوی هەستاوەتەوە.

پێشمەرگە بە پێی دۆخی شۆڕشەکەی کە دژی کۆلۆنیالی و ستەمکارییە داخوازییەکانی ئینسانی و دێموکراتیکە. پێشمەرگە دۆستی هەموو مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانە،پێشمەرگە بەردەوام خۆی بەهێز و تەیار ئەکات بە زانستە مرۆییەکان و فەلسەفەی دادپەروەری و دێموکراتیک.

هەر ئەو بەها جوانانە بوو کە پاش رووخانی کۆماریش شۆڕشی ٤٦-٤٧ ی لێکەوتەوە کە پێیەکی لە ناو زانکۆکان بوو. ئەم بەردەوامییە بەتایبەت پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی دەرکەوت کە نەتەوەی کورد چ هێزێکی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی خۆی. بۆیە گەورەترین خەم و ترسی کۆماری ئیسلامی هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتە. بە تایبەت کە ئێستا بزاوتی پێشمەرگەی شاریش لە ئارادایە و ناو نراوە راسانی شار و شاخ.

میللەت بیەوێ بژی بە سەربەستی
چۆن خوو ئەگرێ بە ژینی ژێردەستی

راستە کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کورد بەردەوام تێکۆشاون دژ بە سیاسەتە نامرۆییەکانی داگیرکەر خەبات بکەن بەڵام ڕاسان هەستانەوەی جەماوەریی بە رێکخراوکردنە یان پێشمەرگەئاسا کار کردنە. ئێمە ئەزانین دوژمن بۆ ئاسێمیلەکردنی کورد پرۆژەگەلی تۆکمە و جۆربەجۆری هەیە. بەڵام کورد زۆرتر لە قۆناغی بەرگریدا بووە. ڕاسان تێپەڕاندنی دۆخی بەرگری و چوونە ناو قۆناغی بووژانەوە و سازماندان و هێرشە.

دەنگی ڕاسان پێمان ئەڵێت کە باری پێشمەرگە باری نەتەوەیەکە و ئەبێت پێکەوە شان بدەینە ژێری. لە هەر دۆخێکدا، لە هەر سێکتەرێکدا بین بە ڕوانگەیەکی نەتەوەییانە هەوڵ بدەین و تێبکۆشین.

پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگە. رۆژی ئازاترین و ئازادترین مرۆڤ کە گەلانی جیهانی بە قارەمانەتی و مرۆڤدۆستی سەرسام کردووە.

پیرۆز بێت لە پێشمەرگەکانی شار و شاخ
پیرۆز بێت لە گەلی کورد

سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.