کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەرز ڕاگیرا

18:19 - 25 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەستی پێکرد.

دواتر بە نوێنەرایەتی پێشمەرگە دێرینەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە شێوەی سەمبۆلیک، ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن دوو پێشمەرگەی دێرینی کوردستانەوە درایە دەستی نەوەی نوێ تاکوو درێژەدەری ڕێگایان بن.

دواتر "حەسەن شەرەفی"، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و "کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی "سان"یان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دیت.

هێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چەند دەستەدا، ڕێژەی نیزامییان ئەنجام دا.

بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە نمایش و مانۆڕی نیزامیی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، پۆلێکی دیکە لە لاوانی گیانفیدای کوردستان، تێکەڵ بە هێزی پێشمەرگە بوون و ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دەورەکەیان هەر لەو رێوڕەسمەدا بەڕێوەچوو و خەڵات بەسەر سەرکەوتووانی دەورەکە لە بواری سیاسی و نەزم و دیسیپلین دابەش کرا.

بەشی دووهەمی ئەو ڕێوڕەسمە، لە یەکێک لە سالۆنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان و بنەماڵەی پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوەچوو.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب لە لایەن کۆمەڵێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبەوە دەستی پێکرد.

دواتر، "سدیق دەرویشی"، جێگری بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پەیامی دەزگای فەرماندەیی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، بەپێی نەریتی ساڵانەی حیزب لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەزدا، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بەو پێشمەرگانە کرا کە ٢٠ ساڵ بە سەر تێکۆشانیان لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبێ دێموکراتدا تێدەپەڕێت.

دواتر سروودێک لە ژێر ناوی "پێشمەرگە تۆ سەنگەری" لەلایەن گرووپی سروودی نەوەکانی قاسملوو سەر بە ناوەندی نێرگز و سروودێک بە زاراوەی کەلهۆڕی بە ناوی "هیز گرن" لەلایەن هونەرمەند غووڵام فاتحییەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە ناوەڕۆکی ئەم ڕێوڕەسمەدا چەند شێعر و پەخشان خوێندرانەوە و ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکیی خاکیپۆشان کۆتایی پێهات.