ئاسۆ مێنبەری
لە کاتێکدا خەریکین بە بەرەوپیریی ڕۆژی جیهانیی ژن واتە ڕۆژی ٨ی مارسەوە دەچین کە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا ئێستاکەش پرسی ژنان وەکوو یەکێک لە پرسە گرینگەکان دەبێ چاوی لێ بکرێت. پرسێک کە نەتەنیا توێژی ژنان بەڵکوو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگاش دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و بەدڵنیاییەوە ئاکامەکەشی بە قازانجی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نابێت.
لە ساڵی ١٩٧٧ـەوە کە لەسەر داواکاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٨ی مارس وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژنان دیاری کراوە تاکوو ئێستا ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژێکی پیرۆز لەلایەن خەڵکی سەرتاسەری جیهانەوە یادی دەکرێتەوە و ڕێزی لێ دەگیردرێت.
لەم نێوانەدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو دەسەڵاتانەیە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی نیزامەکەی خۆیدا هیچکات ئامادە نەبووە کە دان بە ڕۆژی جیهانیی ٨ی مارسدا بنێت و بە هەر شێوەیەکی نامرۆڤانەش کە بۆی کرابێت ژنانی خستوونەتە نێو تەلبەندی باوەڕە هەڵە و ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆیەوە، تاکوو توێژێکی ئەسیری خواستەکانی خۆی لە کۆمەڵگادا جێگیر بکات.
جێگای دڵخۆشییە کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا و سەرەڕای هەموو هەوڵە ئیدئۆلۆژیکەکان، دەسەڵاتی ئاخوندی نەیتوانیوە توێژی ژنان لە خواست و داوا بەرحەقەکانی خۆیان دوور بکاتەوە.
چالاکییەکانی ژنانی کورد چ وەکوو پیشمەرگەکانی مەتەرێزی شاخ و چ وەکوو چالاکانی مەتەرێزی شار، بەتایبەت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە ناڕەزایەتییەکان بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمە ئاخوندییەکەی گەیشتوونەتە لووتکە، جێگای هیوا و دڵخۆشین، ئەوەش بەو مانایەیە کە ژنان توانیویانە زنجیرەکانی کۆیلەبوون بپسێنن و لە گرینگترین پرسەکانی کۆمەڵگادا کە پێوەندییان بە بونیاتنانەوەی نیشتمان هەیە بەشدار بن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە مانای هەنگاو هەڵێنانی ژنان بۆ کاریگەربوون و ڕۆڵگێڕان لە داهاتووی کۆمەڵگایە. کۆمەڵگایەک کە بە دڵنیاییەوە ئەگەر لەسەر دەستی دایکانێکی وشیار بونیات بنرێتەوە هیچ هێزێک ناتوانێت کاریگەریی نەرێنێی لەسەری هەبێت.
ئەوەی کە زیاتر لە هەر شتێک دەبێ لە ڕۆژی ٨ی مارسدا بایەخی پێ بدرێت ئەو مێژووەیە کە بووەتە هۆکاری دیاریکردنی ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژن.
ئەگەر لە ساڵی ۱۸۵۷ لە شاری نیۆیۆرکدا ژنان بەنیسبەت دۆخی خۆیان لە شوێنی کارکردنیان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای مافی خۆیان کرد، ئەوە ئەمڕۆ تەنیا جێژن گرتن و پیرۆزبایی کردن ناتوانێت کردەوەیەکی گونجاو بۆ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە بێت.
لە ڕاستیدا ڕۆژی ٨ی مارسی هەموو ساڵێک دەبێ وەکوو سەرەتایەکی دیکە بۆ دەستپێکی خەباتێکی تازە بێت، خەباتێک کە ژن و مافەکانی ژنان تێیدا وەبەرایەتی بەسەر هەموو داواکارییەکانی دیکەدا بێت، خەباتێک کە ژن بە مرۆڤ بزانێت، خەباتێک کە کۆمەڵگا بەو تێگەیشتنە بگەیەنێت کە ژنانیش مافی ژیانیان هەیە.
بەپێچەوانەی ئەو پێناسەیە کە ساڵانێکە کۆمەڵگای پیاوسالاری ئێمەی بە خۆیەوە خەریک کردووە، ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی نامووسی هیچ پیاوێک نییە، ڕۆژی دیاری بەخشین نییە، ٨ی مارس ڕۆژیکە بۆ وەبیرهێنانەوەی مێژوویەکی پڕ لە ئێش و دەردی چینایەتی و ڕەگەزی بۆ ژنان، بۆیە ڕۆژی ٨ی مارس دەبێ زیاتر لە هەر شتێک ڕۆژی هەستانەوەیەکی دووبارە و ڕۆژی بوێری و دەرک کردن بە خەباتێک بێت کە ژن تێیدا چیدیکە نە کۆیلەی باوڕە هەڵەکان بێت و نە کۆیلەی مرۆڤ و یاساکان.
لە ڕۆژی ٨ی مارسدا دەبێ ژنان هەوڵ بۆ پساندنی زنجیری ئەو موڵکایەتییە بدەن کە ساڵانێکە بە ناوی شەرەف و نامووسەوە پێی دیل کراون.
کاتی ئەوە هاتووە کە نەتەنیا ڕۆژی ٨ی مارس بەڵکوو هەموو ڕۆژەکان و ساتەکان ببنە دەرفەت بۆ شکاندنی تابۆی نایەکسانی و ژنان و پیاوان بە گەڕاندنەوەی کەرامەتی مرۆیی، هاوهەنگاو لەگەڵ یەکتر هەوڵ بۆ دادپەروەری و یەکسانی لە کۆمەڵگادا بدەن و هێزی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان یەک بخەن.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.