کوردستان میدیا: ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە؛ لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا لەم ڕۆژەدا دامەزراوە و ئێن.جی.ئۆوەکان و تەنانەت خودی حکوومەتەکانیش بە ئەنجامدانی چالاکی، پشتیوانیی خۆیان لەم بەرەنگاربوونەوەیە دەردەبڕن.
جۆرەکانی توندوتیژی لە هەموو شوێنەکانی دونیادا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەنگی پێست، پێگەی کۆمەڵایەتی، ئایین، یان شوێنی ژیان، بەرانبەر بە ژنان ڕوو دەدات؛ ئەم توندوتیژییانە شێوەگەلێکی جۆراوجۆری جەستەیی و دەروونی لە خۆیان دەگرن و لە ڕێگەگەلێکی جیاوازەوە بە چەشنی هەڕەشەکردن، لێدان، زەوتکردنی ئازادی تاکەکەسیی و مافی بڕیاردان، گاڵتەکردن، ئازاری ڕۆحی و دەروونی و هەروەها دەستدرێژی ڕەگەزی ئەنجام دەدرێن.
هەبوون و تۆمارکردنی جۆرەکانی توندوتیژی بوونە هۆی ئەوەی کە کۆمیتەی بەرگریی لە مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ۲۵ی نوامبر وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دیاری بکات .
ئەمساڵ لە حاڵێکدا باس لە ڕۆژی جیهانیی ٢٥ی نوامبر دەکرێت، کە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا و بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، شێوازەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان هەر بەردەوامە و ئەمە قوربانی بوونی زۆربەی ژنانی بەدواوە بووە.
لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا، توندوتیژی بەرانبەر بە توێژەکان وەکوو کەرەستەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاکاری تاکەکان کەڵکی لێ وەر دەگیردرێت و لەم ڕێگایەوە زۆربەی تاکەکان لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی و ڕەگەزیدا سەرکوت دەکرێن و تووشی ئەزموونگەلێکی تاڵ و لەبیرنەکراو دەبن.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ماڵپەڕەکانی تایبەت بە هەواڵەکانی مافی مرۆڤ، ئاماری ژنانی قوربانی لە ئاکامی جۆرەکانی توندوتیژی ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و هەندێک جاریش جۆرەکانی توندوتیژی شێوازی زۆر نامرۆڤانە و قێزەون لە خۆ دەگرن.
جۆرەکانی توندوتیژی وەکوو بەزۆر بەشوودان، ڕێگریکردن لە خوێندن، مامەڵەکردن بە ژنان و بەخشینیان لە جیاتی پارە بە کەسانی بەتەمەن، ئازاردان و دەستدرێژی ڕەگەزی، بەرگریی لە سەربەخۆییی ئابووری، خەتەنەکردن، چەوسانەوەی ئابووری، زیندانیکردنیان لە ماڵەوە و بە دەیان نموونەی دیکە لەو توندوتیژییانەن، کە لە سووچ و قوژبنی ماڵەکاندا بەرانبەر بە ژنان دەکرێت و بێگومان هەمووی ئەو حاڵەتانە دەر ناکەون و هەندێکیان بۆ هەتایە لە شاراوەییدا دەمێننەوە. بە واتایەکی تر قووڵایی قەیرانەکە زیاتر لەو شتەیە کە لە ڕاگەیاندنەکان و ماڵپەڕەکانی مافی مرۆڤدا دەبینرێت و به سەدان حاڵەتی شاراوە بوونیان هەیە کە تۆمار نەکراون و بەرچاو نەکەوتوون.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ و مافی ژنانەوە خەریکی چالاکی نواندنن، ڕۆژی ٢٥ی نوامبر وەکوو دەرفەتێکی باش بۆ پێداگریی هەرچی زیاتر لەسەر مافی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکانی بەرانبەر بە ئەوانن دەزانن، بۆیە به شێوازگەلی جیاواز و لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە و پانێلی زانستی لە شوێنە فەرهەنگییەکانی وەک: زانکۆکان و ئەنجومەن و دامەزراوە سێنفییەکان، بە بانگهێشتکردنی مامۆستایان و شارەزایانی ئەو بوارە لە پێناو زانیاریگەیاندن و وشیارکردنەوەی خەڵک و هەڵگرتنی هەنگاوی کردەیی بۆ لابردن و سڕینەوەی جۆرەکانی توندوتیژی هەوڵ دەدەن.
هەوڵ و تێکۆشانی زۆربەی ئەم ناوەندانە بۆ سڕینەوەی فەرهەنگی نادروستی زاڵ بە سەر کۆمەڵگایە؛ بۆیە ئاگاکردنەوەی تاکەکان وەکوو یەکەم هەنگاو بۆ ئەم بەرەنگاربوونەوەیە دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بەجێ لەسەر تاکەکان دابنێت و تا ڕادەیەک پێش بە جۆرەکانی توندوتیژی بگرێت؛ بەڵام سەرەڕای هەموو فێرکارییەکان و هەوڵ و ماندووبوونەکان، ئەوە ئەرکی سەر شانی دەسەڵاتە کە بەرنامە و پلانی تایبەتی بۆ ئەم بابەتە هەبێت، بەڵام ئایا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەر لە یاسای بنەڕەتیی خۆیدا هەڵاواردنی ڕەگەزیی وەکوو شتێکی ئاسایی نیشان داوە، دەتوانێ نوێنەرێکی باش بۆ پاراستنی مافی ژن و پێشگرتن لە توندوتیژی بەرانبەر بەو ڕەگەزە لەبیرکراوەی نێو دەسەڵاتەکەی خۆی ببێ؟