کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ی پووشپەڕ هێمای خەباتە

12:50 - 23 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شار و ناوچەکانی کوردستان، بە بۆنەی سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیدا بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای زاڵبوونی فەزایەکی ئەمنی بە سەر ناوچەکانی کوردستان، تێکۆشەرانی چاونەترسی دێموکرات بە شێوەیەکی بەربڵاو یاد و ناوی ڕێبەری ناوداری کوردیان بەرز ڕاگرت و بەو بۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکانی قارەمانەوە، لە شوێنەکانی وەک: "بازاڕی بۆکان، یاریگای فوتباڵ، زانکۆی پەیامی نوور، میراوای کۆن، عەشایر و کولتەپە، پارکی ساحیلی، بەنداوی بۆکان و ناوچەکانی ئاڵەشین، جانبڵاغ، باخچه، تیکان تەپە، مەجبووراوا، چۆمی مەجیدخان و گوندی گامێشگۆلی"، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نووسراوە بە دروشمی ڕاسانی شار، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات دەیان فوودانە کە بە ناوی دوکتور قاسملوو نەخشێندرابوون، بەسەر ئاسمانی شاری بۆکاندا بڵاویان کردەوە.

بەم بۆنەوە خەڵکی نیشتمانپەوەر لە شاری بۆکان بۆ ڕێزگرتن لە یادی ڕێبەری مەزن، دوکتور قاسملوو و محکوومکردنی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران، دووکان و بازاڕ، بە تایبەت بازاڕەکانی ئەسکەندەریی ئەو شارەیان داخست.

ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری گوێکتەپە سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، یادی دوکتور قاسلوویان بەرز و پیرۆز ڕاگرت و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو، ئارمی حیزب، دروشم و پۆستێر، شەقام و کۆلانەکانی ئەم شارەیان ڕازاندەوە.

هەروەها لە گوێکتەپە چرای ماڵەکانیان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕەوە کوژاندووەتەوە.

هاوکات قارەمانانی حیزبی دێموکرات لە شاری خۆڕاگری پاوە بە بۆنەی سیهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بە نووسینی دروشم، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێکردەوە.

هەر بەم بۆنەوەم ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری پیرانشار، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، لە گوندی "مێراو"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە بڵاوکرنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا.

لە درێژی ئەو چالاکییانەدا، قوتابییانی ڕێبازی قاسملوو لە پردی "ڕەزاو" و "دووڕێیانی ڕەزاو و دەگاگا"، سەر بە شاری سەوڵاوا، بە نووسینی دروشم، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە شاری مەریوان، تێکۆشەرانی دێموکرات به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، لە چالاکییەکەدا بە دانانی گوڵی سوور و وینەی دوکتور قاسملوو، بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو لەگەڵ لقی گوڵی سوور، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێکردەوە.

لە شارەدێی نێی مەریوان، بۆ مەحکوومکردنی تێرۆریزمیی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران، چرای ماڵەکانیان کوژاندەوە.

لە شاری سەقزی دێموکرات، قارەمانانی دێموکرات بە لەسەرکردنی جامانە، لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسمملوو هەروەها لەبەرکردنی تیشێرت، بە نووسراوەی ئۆستوورەکەم، نووسینی دروشم لە دیواری گەڕەگ و کۆڵانەکانی ئەو شارە، نەخشاندنی وێنەی دوکتور قاسملوو لە دیوار، یادی ٢٢ی پووشپەڕیان بەرز ڕاگرت.

 لە گوندی ئەوێهەنگی سنە، تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت. هەروەها ئەندامانی نەهێنیی حیزبی دێموکرات لە کووچکەسوور، شوێنی شەهیدبوونی "ناسری ڕەشە هەورامی"، بە دانانی چەک و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێکردەوە.

لە شاری سنە، ڕۆڵەکانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی وێنە و پۆستیری دوکتور قاسملوو، بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران دەربڕی.

لە نێی هەمیشە دێموکراتەوە، ڕۆڵەکانی پێشەوا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملووی ڕێبەر و هەڵگرتنی بنێرێک که وێنەی دوکتور قاسملووی لێ نەخشێندرابوو، منداڵانی نێ بە نێو گەڕەک و کۆڵانەکاندا دیانگێڕا و دواتر لە فەڵەکەی ئەو شارەدا هەڵیانواسی.

لە سەوڵاوای شوێنی حەماسەی کۆساڵانەوە، ڕێبوانی ئازادی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی شین و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو، تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

لە سەردەشت، ڕێبوارانی "مەلا ئاوارە"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر لە چەندین شوێنی ئەو شارە و هەروەها بێژوێ، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

لە تاران، پێتەختی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، قوتابییانی قاسملوو، لە پارچەیەکدا بە نووسینی دروشمی قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێکردەوە.