کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ی پووشپەڕ و ٣٤ ساڵی پڕ لە ئازار

17:50 - 7 پووشپەڕ 2721

ئالان خاس

دوای شەڕی جیهانی، یەکەم جار بوو چەکی کۆمەڵکووژ بەکار بهێنرێتەوە، ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ شاری سەردەشت کرا بە ئامانجی بۆمبی کیمیایی و بەوەش شاری سەردەشت و کورد بوون بە یەکەمین قوربانیی چەکی کیمیایی لە جیهاندا.

هێرشی کیمیایی ڕێژیمی بەعس بۆ سەر شاری سەردەشت کە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بەڕێوە چوو، سەرەڕای ئەوەی کورد لەو شەڕەدا لایەن نەبووە بەڵام داگیرکەران کوردیان کردەوە قوربانیی مەرامە شەڕخوازییەکانی خۆیان و بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ١٥٠ کەس، هەر لە کاتی کیمیابارانەکەدا دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و زۆرینەی زۆری دانیشتووانی نێو شاری سەردەشت، دووچاری ئەو گازە ژەهراویە بوون.

بۆ کورد زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی دی سەلمێندراوە کە ژیان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا، بێبەشییە لە ئازادی و هەموو مافەکانی مرۆڤ، جینایەتی ٧ی پووشپەڕ کە دوو داگیرکەری کورد لەسەر خاک و خوێنی کورد ئەنجامیاندا، تەنیا بەشێک لەو ڕاستیە دەردەخات.

هەموو ساڵێک ٧ی پووشپەڕ بۆ خەڵکی شاری سەردەشت و بۆ نەتەوەی کورد، وەبی هێنەرەوەی ڕۆژێکی ڕەش و کارەساتێکی سامناکە، داگیرکەرانی کوردستانیش دەبێ باش بزانن کە ئەو تاوانە و باقی تاوانەکانی دیکەیان ڕوو بە کورد، هیچ کات لەبیر ناکرێت!

دووای تاوانیی گەورەی داگیرکەران لە ٧ی پووشپەڕدا، چەند خاڵیک زۆر گرینگن کە باسیان بکرێ:

یەک: بێدەنگیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراو و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە ئەو جینایەتەی دەرهەق بە کورد کرا. بەداخەوە نە نەتەوەیەکگرتووەکان و نە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەو ڕاستایەدا هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە و هەر ئەو بێدەنگیەشیان بوو بەهۆی دووبارە بوونەوەی ئەو جینایەتەی داگیرکەران ڕوو بە کورد لە کۆتایی هەمان ساڵدا لە هەڵەبجە، کە دوای هێروشیما گەورەترین جنایەت بوو دژی مرۆڤایەتیی.

دوو: جینایەتێک کە ٧ی پووشپەڕ ڕوو بە کورد کرا، دوای ٣٤ ساڵ ئێستاش زامێکی قووڵە لەسەر جەستەی خەڵکی سەردەشت. ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانیش نەک هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ڕۆژ بەڕۆژ ئازارەکانی زیاتر کردوون.

ئەوانەی دووچاری ئەو گازە ژەهراویە بوون، ئێستاش بە زامەکانیان و نەخۆشی و ئازارەوە دەناڵێنن. ئێرانی داگیرکەر لەبری پێڕاگەیشتن و چارەسەرکردنی قوربانیانی چەکی کیمیایی، چەندین ساڵە خەریکە تاکە هیوایەکی هەناسە کێشان کە ئەو قوربانیانە هەیانە لێیان بستێنێ و بۆ ئەو مەبستەش دەستی کردووە بە سووتاندن و بڕینەوەی دارستانەکانی سەردەشت و دەوروبەری.

بۆ سەردەشتی کیمیایی‌لێدراو ئەو دارستانانە سەرچاوەیەکی زۆر گرینگن بۆ هەوای پاک، بەڵام بە سووتاندنی دارستانەکان بە بیانووی پڕۆژەی جۆراوجۆر کە هیچ سوودێکیان بۆ کورد نییە ، ئێرانی داگیرکەر لەهەوڵدایە ئەو شارە و دانیشتوانی زیاتر بخنکێنێ.

یادی شەهیدانی ٧ی پووشپەڕ، بەرز و بەڕێز بێت و بە هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان و باقی قوربانییان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.