محەممەد سلێمانی
لە گەرمەی شەڕی دووهەمی جیهانی و کۆتایی ئەو پێكهەڵپڕژانە گیتییەدا، ئەو دەرفەتەی بۆ زۆربەی گەلانی ستەملێکراوی گیتی ڕەخساند هەتا بڕیاری سەربەستی و ڕزگاریی نەتەوەی خۆیان بدەن و دەوڵەتی گەلی دابمەزرێنن و گەشە بە ژێرخانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان لە سەربنەمای یەکسانی بدەن و دەسەڵاتە ستەمکاریەکانی وڵاتەکانیان بروخێنن و ژیانێکی نوێ و سەردەمیانە دەست پێ بکەن.
ئەو هەلومەرجە سیاسی و مێژوویە بێگوومان ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر هزری سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا و کۆمەڵێک لە ڕوناکبیران و شۆڕشگێڕە سیاسی و نەیەوەییەکانی ئەو بەشەی کوردستان، بە دامەزراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کە وشیاری سیاسی و نەتەوەیی لە تووێی بەرنامەیەکی ڕوونی سیاسی و نەتەوەییدا بڵاو کردەوە و بە هەزارانی لە خەڵکی کوردستان لە ڕێزەکانی ئەو حیزبەدا ڕێکخست و بوونە هێز و پشتیوانیی مادی و مەعنەوی لەو بزووتنەوە نوێیەدا.
حیزبی دێمۆکرات بە ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستان لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان لە شاری مەهاباد ، کە دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلی کورد بوو و شوێنەواری گەڵێک قووڵی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو بەشەی وڵات دانا و ببوو بە مایەی خێر و ئاسوودەیی بە هەموو لایەک و گەشەکردنێکی فراوانی سیاسی و ئابووریی هاتە ئاراوە.
لەو بەشەی سێبەری ئەو دەسەڵاتە سیاسی و نیشتیمانیەی بەسەردا کشابوو، بە شێوەیەکی بەرچاو ئازادیە سیاسی و دێمۆکراتیکەکان تێیدا گەشەیان کردبوو و ئابووری و بازرگانیش بە باشی پەرەیان پێدرابوو و ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک دابین کرابوو و خەڵک هەستیان بە شادی و ئازادی تەواو دەکرد و بە شانازیەوە لە چوارچێوەیی بڕیارە سیاسی و ئیدارەییەکانی حکوومەتی کوردستاندا کاریان دەکرد و بەدڵەوە هاوکاری و پشتیووانی ئەو دەسەڵاتە خۆجێیان دەکرد.
ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە مانای وشە بۆ دانیشتوانی هەو هەرێمە سیاسییە دابین کرابوو و کەس لەسەر دەربڕینی بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن لە حکوومەت و ئیدارەدانی وڵات نەخرایە بەندیخانە و تاک لەنێو کۆمەڵگادا بەتەواوی دەرفەتی بیرکردنەوە و گەشەکردنی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بۆ ڕەخسابوو و مافی ڕۆشنبیران و جیابیران و لاوان و ژنان لە کۆمەڵ و خێزاندا پارێزراو بووە و لەو ماوە کورتەدا دەرفەتی گەشەکردنێکی بەرچاوی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی کوردستان هاتبوویە بەرەوە و بەشەکانی تری کوردستان هیوا و ئومێدی گەورەیان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی کورد هەڵچنیبوو.
ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان کە لەسەر ئاستی گیتی و ناوچە و ئێراندا هاتبوونە ئاراوە، بێگوومان کاریگەری لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە کوردستاندا دانابوو و لەژێر تیشکی ئەو ڕووناکیەدا گەلی کورد بە ڕێبەریی حیزب توانی بە وەخت حکوومەتی کوردستان وەک تەنیا بژاردەیەک بۆ ڕزگاریی سیاسی و نەتەوەیی لەو بەشەی وڵاتدا ڕابگەیەنێت بە سەرۆکایەتی پێشەوای مەزن" قازی محەممەد"ی نەمر. بەداخەوە بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییە دیپڵۆماسییەکان و چاوچنۆکی و سازانی ژێربە ژێری شای ئێران لەگەڵ حکوومەتی ڕووسیە و تێکچوونی هەلومەرجی نێونەتەوەیی و نێوخۆیی، نزیک لە ساڵێک زیاتر دەرەتانی بۆ حوکمڕانیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەڕەخسا و بە پیلانێکی نێودەوڵەتی لەنێو چوو و ئەو دۆستانەی کە لە کاتی دەمەزراندنیدا پشتیووانیان لە کورد دەکرد، بەداخەوە دواجار هەر دوو دەسەڵاتی سیاسی و نەتەوەیی لە کوردستان و ئازەربایجان فیدای بەرژەوەندیی ئابووری و بازرگانی کران و هەر دووک دەسەڵاتی گەلی لەنێو بران.
ڕاگەیاندنی سەربەخۆی کوردستان لەو بەشەدا، بە دڵنیایەوە پەیوەندیی بە هەستی نەتەوەیی و وشیاری سیاسی و بەرپرسیارەتی نیشتیمانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە نێو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستاندا هەبووە و پێكهێنانی حکوومەتی کوردستان جگە لەوەی شایستەی گەلی کوردی بۆ حوکمڕانی سیاسی لەو بەشەی وڵاتدا سەلماند، بۆ بە چرای ڕێگای تێکۆشانی داهاتووشمان و ئەو خەباتەی کە ئەو کات بەردی بناخەی بۆ دانراوە، هەتا ئێستا بەردەوامە و هەتا ڕزگاریی یەکجاری شەپۆلە سیاسی و نەتەوەییەکانی ناوەستن.
٢ی ڕێبەندان بووەتە بۆنەیەکی بە تەواوی سیاسی و مێژووی و گەلی کورد بەگشتی و به شانازیەوە یادی ئەو ڕووداوە گەورەیە بەرز ڕادەگرن و وێڕای دێراسە و پێداچوونەوە بە کۆی خاڵه بەهێز و لاوازەکانی، بە هەر بارێكدا بیڕوانی، بێگوومان دەرس و ئامۆژگاریی زۆری لێ فێر دەبین و وەک وانەی خەباتی نوێ دەکرێ، لە بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێک گرێ بدڕینەوە. ئەو هەنگاوە نەتەوەییە جگە لەوەی بوو بەسەرچاوەی ئەزموونێکی نوێی لە ژیانی سیاسی و حوکمڕانی لە سەر شێواز و فۆرمی دەوڵەتداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێک لە ڕوانینی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی سەبارەت بە گەلی کورد گۆڕی و لە زۆر سەرچاوەی مێژوویدا کە لەلایەن خەڵکانی ترەوە تۆمار و نووسراوەتەوە لە بارەی حکوومەتی کوردستان، باس لە دێمۆکراتیک بوون و پێشکەوتنخوازیی حکوومەتی کوردستان کراوە و ئەو دەرفەتەی کە بۆ ژنانی خەباتگێڕ هاتووەتە بەرەوە، بە سەرەتای وەرچەرخانێکی جەوهەری لەسەر ڕوانینی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد لەو سەردەمە سیاسی و مێژوویەدا وێنا کراوە.
لە ماوەی کورتی تەمەنی پڕ لە شانازیدا، کۆمەڵێک هەنگاوی گەورە و مێژوویی ئەتۆی هاویشتووە کە بە ڕاستی بوێری و شانازیەکەی بۆ ڕێبەرانی ئەوسای حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە. ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستان لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەدا، بێگوومان بوێری و جوامێری گەورەی لە پشت بووە و پێشەوای مەزن، هەر بە قسە و خۆدەرخستن بڕیاری سیاسی و نەتەوەیی نەداوە، ئەو بە کردار ئەو کارەیی کرد و لەکاتێكدا کە مەترسی لەسەر خەڵک و ئاسایشی کۆمەڵایەتی نەتەوەیی دروست بوو، خۆی کردە قووربانی گەلەکەی. هەر بۆیەش ئێستا بە گەورەیی یادی ئەو مەزنە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕەی کوردستان دەکەینەوە.
کاری ئەوەندە گەورە و بەرچاویانکردووە، کە گەلی کورد پشت بەپشتی شانازی پێوەدەکات و ڕێبەری حیزب و حکوومەت، جیاوازتر لە خەڵک نەدەژیان و کەس لەسەر حیسابی سامانی گشتی نەتەوەیی گیرفانی خۆی پڕنەدەکرد. بۆ نموونە گەندەڵی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هیچ بەڵگەنامەیەکی ئەو سەردەمەدا تۆمار نەکراوە و هەربۆیەش ئەو شار و ناوچانەی کەوتبوونە ژێر حوکمڕانیی حکوومەتی کوردستان، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و بازرگانیەوە گەشەکردنێکی بێهاوتایان بەخۆوە بینیووە و خەڵکی کوردستان هەستیان بە ئارامی و بوونی خۆیانکردوە و بەکورتی تامی ئازادیان چێشتووە.
دامەزراندنی حیزبی دێموکرات دەرئەنجامی وشیاری سیاسی و نەتەوەی ئەو بەشەی کوردستان دەردەخات و هەرلەو پەیوەندیەشدا دەبێت بڵیین کەوا ئەو زەمینە لەبار و گونجاوەی بە هۆی شەری دووهەمەوە لە سەر ئاستی ئێراندا دروستببوو، ئەو هەلومەرجە زێڕینەی بۆ پێشەوا و هاوڕێیانی ڕەخساند بۆ ئەوەی خێراتر لە وادەیخۆی ئەزموونە بەنرخ و مێژوویەکە واتە حکوومەتی کوردستان بە بەشداریی نوێنەری هەر چوار بەشی کوردستان ڕابگەیەندرێت و یەکەم کابینەی ئیدارەی سیاسی لەو بەشەی کوردستاندا دەست بەکارەکانی خۆی بکات. بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلێک لەبار و گونجاو بووە هەتا کورد لەوێدا کەڵک لە بۆشایی دەسەڵاتی ناوەند وەربگرێ و خۆی حوکمڕانی بەسەر ئەو ناوچە جوغرافیادا بکات کە بە قەڵەمڕەوی حکوومەتی کوردستان دەست نیشان کرا لەلایەن کورد خۆیەوە. دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دوای ماوەیەكی زۆر کورت توانی لە چوار چرای شاری مەهاباد حکوومەتی کوردستان ڕابگەیەنێت بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، هەر ئەو کاتیش کابینە و بەرنامەی دەوڵاتی کوردستان لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستاندا ڕاگەیاندرا.
ئاڵای کوردستان شەکایەوە و سپای میللی دامەزرا وەك دامەزراوەیەکی بەرگریی نیشتیمانی بۆ پاراستن و بەرقەرارکردنی ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. قوتابخانە و پەرتووکخانەکان بۆ خزمەتی گەل ئاوا کران و زمانی کوردی کرا بە زمانی ڕەسمی و لە تەنیشت ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتدا، ژمارەیەکی تر گۆڤار هەلی دەرچوونیان بۆ ڕەخسا و کەوتنە بەردەستی خوێنەرانیان کە ئەوەش شوێنی بەرچاوی لەسەر وشیارکردنەوەی خەڵک بەگشتی داناوە.
دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆمەڵێک لە سیاسییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرەتا سەرفەسڵێکی نوێ و مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرینگی سیاسی و ڕیکخراوەی دەژمێردرێت لە ڕووی پێكهاتە و چۆنییەتی ئیدارەدانی حیزب و ئۆرگانەکانییەوە و بۆ هەمیشە لەو بەشەی وڵاتدا ماڵاوایی لە تەرکیبی پاشکەوتوانەی خێلایەتی و عەشایر سالاری هات و ئیدی کەسێک بە تەنیان نەدەبوو بە بڕیاردەری سیاسی لە سەر پرسە نەتەوەییەکان.
ئەوە بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی سیاسیی گەلی کورددا کەسایەتییەکی گەورە، کە خاوەنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی تاک بوو و بەدوور لە دەستێوەردان و ژینگەی هۆزێک لە هۆزەکاندا، مرۆڤێکی گەورەی وەک پێشەوا ببێتە کەسی یەکەمی حیزب و پاشان بە هەوڵ و لێهاتوویی خۆی لە ڕەوتی درێژەکێشانی خەباتیدا، وەل سەرۆکی حکوومەتی کوردستان دەربکەوێت. پێشەوا قازی محەممەد پێگەیەکی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەتی لەنێو خەڵكی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسی کوردستاندا هەبوو، لەنێو خەڵک و دەسەڵاتدا وەک بژاردەیەکی دەگمەنی سەردەمی خۆی سەیر دەکرا و هەر لەو کاتەشدا مرۆڤێکی سیاسی و نەتەوەی گەورەی کورد بوو.
زۆر جار لە مێژووی کوردستاندا ڕووداوەکان و دروستبوونی حیزب و سەرهەڵدانی جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیی لە سەر دەستی سەرۆل هۆزەکاندا دەستی پێکردوە و پاشان پەرەی گرتووە. ئەو ڕاستیە دەرکەوتووە کە بەهۆی ژینگەی سیاسی و سرووشتی کۆمەڵایەتیی جووڵانەوەکانی ڕابردوو، هێچ کامیان خاوەنی بەرنامە و ستراتیژیی بەرگری سیاسی و نەتەوەییان وەک پێویست بۆخۆیان و خەڵکەکەیان نەبووە و بەرگەی قۆناخە سەخت و ئاستەمەکانیان نەگرتووە. وەختێک شۆڕشێک گەشە دەکا و زۆر بەخێرایی پەرە دەستێنێت کە یەکەم خاوەنی بەرنامە و ئامانجی دیاریکراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی تۆکمە بێ و هەرلەو کاتەشدا پایە و بنەماکانی لەسەر ڕاستگۆیی سیاسی و بەرژەوەندیی نیشتیمانی دامەزرابێت و دوور بێت لە نەریتی باوی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.