کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ی ڕێبەندان بە دروشمی "مەرگ بۆ ڕووحانیـ"ـیەوە بەڕێوە چوو

11:45 - 23 رێبەندان 2720

شکۆی ڕێژیمی ئێران بە ئاستێک لەلای خەڵک و خودی مۆرە و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمیش شکاوە کە شانۆی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ بە گاڵتە و دروشمی دژ بە ڕێژیم بەڕێوە چوو.

٢٢ی ڕێبەندان ساڵیادی دامەزرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەستوپەیوەندی و مۆرەکانی ڕێژیم هەموو ساڵێک بۆ بەڕێوەبردنی شانۆی ڕەواییدان بە ڕێژیمی ئێران خەڵکیان کۆ دەکردەوە و دژ بە ئیسرائیل و ئامریکا دروشمیان دەدا ئەمساڵ بە دروشمی "مەرگ بۆ ڕووحانیـ"ـیەوە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێپێوانەدا چەندین ماتۆرسوار بەدوای ماشێنێکدا دەڕۆن و لە وڵامی دروشمەکانی دژ بە ئیسرائیل و ئامریکاوە دروشمی "مەرگ بۆ ڕووحانیـ"ـیان وتووەتەوە.

تەنانەت تا ئاستێک ئەو بۆنەیە کە یەکێک لە ڕۆژژمێرە گرینگەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە شکۆی لەنێو خودی ڕێژیمیشدا شکاوە کە دروشمدەر و ڕێکخەری ڕێپێوانەکەش بە گاڵتەوە باسی دەکات و دەڵێت: "ئەوساڵ ڕێپێوانەکە زۆر خۆش بوو با هەموو ساڵێک بێن ئاوا به خۆشی تێپەڕێنین".

هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا لە خەڵک دەپاڕێتەوە بۆ یەک جاریش بووە دروشمی دژ بە ئیسرائیل و ئامریکا بڵێنەوە، بەڵام لە وڵامدا هەر دروشمی دژ بە ڕووحانی دەبیسێت.

٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ جارێکی دیکە سەلماندی کە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران شکۆی داڕماوە و ئیتر تەنانەت خودی دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمیش دژ بە دەسەڵاتن و بە سووکییەوە لێی دەڕوانن.