کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتی لاوان بەرز ڕاگیرا

18:57 - 29 رێبەندان 2720

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەم ڕێکخراوەیە پێک هێنا و یادی ٧٥ساڵەی خەباتی ئەو ڕێکخراوەیەیان بەرز نرخاند.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندان یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بەبۆنەی ٣٠ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتی لاوان بۆ هەر یەک لە "فواد خاکی بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ڕێکخراوەکانی حیزب و "ڕامین عوومەرزادە" بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنی "سۆران"، پێک هێنا.

سێمینارەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و پاشان ڕاگرتنی چەند خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد وکوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن "دڵنیا لوتفی" کۆڕگێڕی سێمینارەوە بەخێرهاتنی میوانانی بەشدار لە سێمینارەکە کرا و کورتەیەک لەسەر ئەو بۆنەیە باس کرا و دەستووری کاری سێمینار پێشکەش کرا.

پاشان داوا لە هەریەک لە بەڕێزان "فواد خاکی بەیگی" و "ڕامین عوومەرزادە" کرا کە بابەتەکەیان پێشکەش بکەن.

پەنێلی یەکەمی سێمینارە کە لەلایەن "فواد خاکی بەیگی" پێشکەش کرا پەڕژا بووە سەر مێژووی یەکیەتیی لاوان و چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە تا بە ئەوڕۆ.

"خاکی بەیگی" لە قسەکانیدا ئاوڕێکی گرینگی لە چۆنیەتیی دیاریکردنی ٣٠ی ڕێبەندان وەکوو ڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دایەوە و باسێکی تێروتەسەلی لەسەر گرینگیدانی "پێشەوا قازی محەممەد" بە توێژی لاوان و باقی ڕێکخراوەکانی دیکە لەنێو کۆمەڵگادا دایەوە و ڕێکخراوی یەکیەتی لاوانی، بە دەسکەوتێکی گرینگی کۆماری کوردستان زانی و وتی کە دەبێ هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوان، شانازی بە خۆیانەوە بکەن کە شەهیدی نەمرمان دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" یەکەم جار کار و چالاکیی سیاسی و تەشکیلاتیی خۆی لەو ڕێکخراوەیەدا دەستپێکردووە.

پەنێلی دووهەم کە لەلایەن "ڕامین عومەرزادە"وە پێشکەش کرا پەڕژا بووە سەر گرینگی و ڕۆڵی لاو لەنێو کۆمەڵگادا.

ناوبراو لە بابەتەکەی خۆیدا تەرکیزی خستە سەر هەڵاواردنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت لاوانەوە کرد کە لە هەموو بارێکەوە چ لە باری فێرکاری و چ لەباری پێداویستییەکانی تایبەت بە توێژی لاوانەوە گرینگییەک بەو توێژە بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نادات. هەروەها هەندێک لە ئامارەکانی باس کرد کە لە کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا لاوان بەتایبەت لاوانی ژن و خوێندکار بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم، تووشی کێشەگەلێکی کۆمەڵایەتی بوونە و ئەو توێژە پڕ پۆتانسییەلەی پاسیڤ کردووە.

سێمینارەکە بە ڕاوبۆچوونی بەشداربووان و وڵامی هەر کام لە پێشکەشکارانی پەنێلەکان کۆتایی پێهات.