کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی کەسی خۆجێیی لە پێترۆشیمیی ئیلام لەسەر کارەکەیان دەر کراون

12:52 - 28 خاکەلێوه 2720

٢٥ کەسی خۆجێیی کە لە پێترۆشیمیی ئیلام وەکوو هێزێکی گەنج دێنە ئەژمار، لەم قەیرانەدا لەسەر کارەکانیان دەر کراون، لە حاڵێکدا کەسانی ناخۆجێیی لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە هاتوون و دەرفەتی کاریان لێ ئەستاندوون.

بەرپرسی نوێ و ناخۆجێیی شیرکەتی پێترۆشیمیی ئیلام چەندین کەسی ناخۆجێیی و خانەنشینی لە پۆستی جۆراجۆر لەم شیرکەتەدا داناوە، لە حاڵێکدا ئەم کەسە خۆجێییانە لە سەرەتای دامەزاراندنی ئەم شیرکەتەدا، سەرەڕای ئەوەی زۆریان سەختی و دژواری چێژابوو و زیانی زۆریان بەرکەوتبوو، هەر درێژەیان بە کارەکەیان دەدا، بەڵام بە هێنانی کەسانی ناخۆجێیی ئێستا لەسەر کارەکانیان دەر کراون.

زۆربەی هەرە زۆری کرێکاران و کارمەندانی پارێزگای ئیلام لە کەسانی ناخۆجێیی پێک هاتووە و هیچ دەرفەتێک بۆ کرێکارانی کورد لەو پارێزگایەدا بوونی نییە و بەردەوام مافی کرێکارانی خۆجێیی و کورد پێشێل دەکەن.

لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ئێستادا ڕێژەی بێکاری، هەژاری و دیاردەکانی تر لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بەنیسبەت شارەکانی دیکەی لە بەرزترین ئاستدایە.