لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا "خومەینی" ڕێبەری تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئێران کە توانی دەست بە سەر دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژێمی پاشایەتی دابگرێت، هەر زوو دەستی کرد بە سەرکوتى گەلانى ئێران بە تایبەتی نەتەوەی کورد.
خومەینی بە ڕاسپاردنی خەڵخاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات واژۆی گولـلەبارانکردنی خەڵکی کوردستانی کرد و کەم کەس هەیە نەیبیستبێ لە گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان، سەوزی و سەرچنار و چۆمی مەجیدخان چ جینایەتێک خولقێندرا.
٤٢ ساڵ دوای فتوای خومەینی باوەڕەکانی خومەینی لەسەر خەڵکی کوردستان و هەمو ئینسانێکی ئازادیخواز هەروا بەردەوامن و ڕۆژانە لاوانی کورد لە سەر سنوورەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسدارانی باوەڕی خومەینی دەکوژرێن، چالاکانی سیاسی کورد لە سێدارە دەدرێن و لە ڕێگای دەزگای بەسیجەوە خەریکی داماڵینی کۆمەڵگای کوردستانن.
لە ساڵڕۆژی کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵکی کوردستان لە پاش فتوای خومەینی؛ خەڵکی کوردستان نەک تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران نەبووە بەڵکوو لە خەبات بۆ ئازادی و مافەکانیان پتەوتر هەوڵ دەدەن.