کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۲٥ی گەلاوێژ ئەستێرەیەکی ڕووناکیدەر

11:27 - 17 گەلاوێژ 2721

تەیموور مستەفایی

۲٥ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک پێویستییەکی مێژویی لەسەر بناغەی کۆمەڵەی "ژ ک" بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا. ئەم حیزبە لەو کاتەوە خەباتی خۆی لە پێناو ئازادی و مافە نەتەوەییەکان و دێموکراسی چڕ کردووەتەوە.

حیزبی دێموکرات پاش ۱٦۰ ڕۆژ لە تێکۆشان گەورەترین سەرکەوتنی کە دامەزرانی کۆماری کوردستانە لە ژیانی خۆیدا تۆمارکرد. ئەم کۆمارە وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار، لە ئاسمانی پڕ هەوراز و نشێوی مێژووی نەتەوەکەماندا دەدرەوشێتەوە. کۆمار هەرچەند تەمەنی کورت و ۱۱ مانگ بوو بەڵام لەو ماوە کورتەدا زۆر لە ئاواتە لە مێژینەکانی گەلەکەمانی هێنایە دی کە گرینگترینیان ئەوە بوو کە گەلەکەمان چارەنووسی خۆی بەدەستەوە گرت.

پاش ۲۲ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان جووڵانەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦- ٤۷ قۆناخێکی دیکەی پڕ لە فیداکاری و لەخۆبردووییە کە ڕۆڵە بەوەج و خەباتگێڕەکانی حیزبەکەمان لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجی ئازادی و ڕزگاری بۆ نەتەوەکەمان گرتیانە پێش، ئەوان تا ئاخیر نەفەس بەرگرییان کرد و نیشانیان دا کە ڕێژیمی کۆنەپەرست و بەستراوە بە بیانیی حەمە ڕەزا شا ئەو ڕێژیمە بەهێزە نییە کە خۆیان پێ ڕادەنا، لەگەڵ ئەوەی جووڵانەوە لەو پەڕی بێ ئیمکاناتی و گونجاو نەبوونی هەلومەرجدا دەستی پێکرد، بەڵام دیسان بەهۆی فیداکاریی پێشمەرگەکان و بە پشتیوانیی خەڵکەکەمان توانی ۱۸ مانگ دەوام بێنێ.

ڕێژیمی پاشایەتی لە ۲۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی ڕووخا و لە ۱۲ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳٥۸ی هەتاوی کۆماری ئیسلامی دامەزرا، لە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی حیزبەکەمان هەموو توانایەکی خۆی خستە گەڕ تا بەڵکوو پرسی کورد لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێ، بەڵام مەخابن ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی کە لە ئاکامی خەباتی گەلانی ئێراندا هاتبووە سەر کار، نەک گرینگی بە چارەسەریی پرسی کورد و گەلانی دیکەی ئێران نەدا بەڵکوو هەر زۆر زوو کەوتە پیلانگێڕی و لە ناوچە جیاوازەکاندا شەڕی ساز کرد تا لە ئاکامی ئەو پیلانگێڕییەدا خومەینی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی لە ۲۸ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳٥۸دا فەرمانی جیهادی دژی گەلی کورد ڕاگەیاند، لەم فەرمانەدا هاتبوو کە هەموو هێزەکانی ڕێژیم هێرش بکەنە سەر خەڵکی کوردستان و بە توندترین شێوە ئەم خەڵکە مافخوازە سەرکوت بکەن و ماڵ و حاڵیانی لە هێزەکانی حەڵاڵ کرد. پاش ئەم فەرمانە چیها جینایەت لە ئێعدامی بەکۆمەڵی لاوان، قەڵاچۆکردنی گوندەکان کە لەودا تەنانەت ڕەحم بە منداڵانی ناو بێشکە و پیرەپیاوانی ۹۰ ساڵەش نەکرا و دەیان و دەیان جینایەت و پیلانی دیکە کە زمان لە بەیان و قەڵەم لە نووسینیاندا عاجزە.

پاش ئەم فەرمانە جینایەتکارانەیە دوو ڕێگا بۆ خەڵکی کوردستان و هێزە خەباتگێڕەکانی زیاتر نەمایەوە، تەسلیمبوون بە هەڕەشەی خۆمەینیی جینایەتکار و وازهێنان لە هەموو داوا ڕەواکانمان و بەکۆیلە بوونی ڕێژیمەکەی، یان بەرگرییەکی ڕەوا و سەربەرزانە کە بە خۆشییەوە خەڵکی ئازا و بوێری کوردستان و هێزە خەباتگێڕەکانی ڕێگای دووهەم واتە بەرگریی ڕەوایان هەڵبژارد.

٤۲ ساڵە ڕێژیم بۆ بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان لە هیچ تاوان و پیلانێک کۆتایی نەکردووە و هەموو ئیمکاناتی ناوخۆ و دەرەوەی خۆی بۆ تێکشکاندنی جووڵانەوە خستووەتە گەڕ، بەڵام بە خۆشییەوە نەک تێیدا سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو جووڵانەوەی کوردستان لەو ساڵانەدا بەئەزموونتر، گشتگیرتر و قوڵتریش بووەتەوە و زیاتر لە ڕابردوو لەلایەن گەلەکەمانەوە پشتگریی لێ دەکرێ.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات وەک درێژەی ئەو خەباتە کە لە ساڵی ۱۳۹٤ی هەتاوی و لە هەلومەرجێکدا کە خەڵک بەتەواوی لە جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە بەزاڵە هاتبون، بە بڕیاری کۆمیتەی ناوەندی ڕاگەیەندرا کە ئۆمێدێکی زۆری بە خەڵک بەخشی و پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم و نەیارانی کە وایان دەنواند گوایە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی پێکهێنەری ڕێبەری ئەو بزووتنەوەیە، ڕۆژەکانی کۆتاییان تێدەپەڕێنن پووچەڵ کردەوە.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، خومەینی لە گەڕانەوەیدا بەڵێنیی دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی هەژاری و بە مەعنەوییەت گەیاندنی بە خەڵکی ئێران دا، خومەینی و ڕێژیمەکەی نەک دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و... هتدیان بۆ خەڵک بەدی نەهێنا بەڵکوو بەهۆی جینایەتە بێ ئەژمارەکانیان و گەندەڵیی لەڕادەبەدەر، سیاسەتی دەستێوەردانە ناوچەییەکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، ڕێژیمەکەی لەگەڵ تەریککەوتنەوەی نێودەوڵەتی بەرەوڕووبوویەوە گەمارۆیەکی ئابووریی تاقەتپڕووکێنی نێودەوڵەتی خرایە سەر کە لەژێر کاریگەریی ئەم گەمارۆوە ئابوورییە نێودەوڵەتییانەدا، گەشەی ئابووریی مەنفی، هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، نەبوونی بودجەی پێویست بۆ ژێرخانەکان و دابینکردنی کاڵا گشتییەکان، زیادبوونی لەڕادەبەدەری بێکاری و هەژاری و نەمانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، قەیرانی بانکەکان، گەمارۆی سیستماتیک، کەمبوونەوەی بەرچاوی بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، گەندەڵیی سیستماتیک و پەرەسەندنی فەرهەنگی گەندەڵی و لەم دواییانەشدا گشتگیریی ویروسی کۆرونا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڵکشانی ئەم ویروسە و نابەرپرسایەتی و دەستەوەستانی بەرپرسانی ڕێژیم لەو پەیوەندییەدا، بارودۆخی کۆمەڵگایان بەرەو کارەسات بردووە.

ئاکامی ئەو وەزعە نالەبارە کە ڕێژیم و سیاسەتەکانی خولقاندوویانە، بووەتە هۆی بێبڕوایی و وەزاڵەهاتنی خەڵک لەو هەموو قەیران و هەژارییە، هەر بۆیە شانۆگەری و باڵباڵێنی نێو دەسەڵات کە ماوەیەکی زۆر ڕێژیمەکەیانیان پێ ڕاگرتبوو شوێندانەریی خۆی لەدەست داوە کە لە هەڵبژاردنی دەورەی سێزدەهەمی سەرۆککۆماری و بایکۆتی ئەو بەناو هەڵبژاردنەدا بە ڕوونی خۆی دەرخست .

ناڕەزاییەتیەکانی خەڵک لە ڕێژیم لەم ڕۆژانەدا لە ئەهواز سەبارەت بە نەبوونی ئاوی خواردن و پشتگریی ئەم ناڕەزایەتییانە لە چەند شارێکی ئێرانەوە ڕووی لە پەرەگرتنە و دروشمی خۆپیشاندەرانیش لە داخوازییەکی خزمەتگوزاری یان سنفی بەولاوەتر چووە و ئێستا ئیتر خەڵک بێ ترس دروشمی "مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی، مەرگ بۆ وەلایەتی فەقی" دەڵێنەوە کە ئەم هەلومەرجە ڕێژیم بەرەو لێواری ڕووخان دەبات. ئەوەی تا ئێستا ڕێژیمی ڕاگرتووە بە دەرجەی یەکەم هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمە کە تا ئێستاش چالاکە، بە دەرجەی دووهەمیش نایەکگرتوویی ئۆپۆزیسیونی ڕێژیم کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عەقڵییەتە چەقبەستووە پاوانخوازانەیە کە مل بە ڕاستییەکانی فرە پێکهاتەیی ئێران نادات و تێگەیشتنی لە فەرهەنگی پێکەوە کارکردن نییە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزی شوێندانەری کوردستانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت سەرانسەری ئێرانیش لە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە بە دروستی دەرکی بەوە کردووە کە ئەم ڕێژیمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئازادی و دێموکراسی یەک ناگرێتەوە، بۆیە لە تێکۆشانی خۆیدا هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتی لە پێناو ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێنانە سەر کاری ڕێژیمێکی دێموکراتیکی خستبووە بەرنامەی کارییەوە کە بەداخەوە تا ئێستاش ئەو ئامانجە نەهاتووەتە دی .

لەم هەلومەرجەدا کە لە ئێران دەگوزەرێ، پێکهێنانی بەرە یان هاوبەندییەکی سیاسی بۆ ڕووخانی ڕێژیم لە هەموو کات زیاترهەستی پێ دەکرێت و بووەتە پێویستی، حیزبی ئێمە ئامادە بووە و تێکۆشاوە تا لەگەڵ تەواوی ئەو هێز و ڕێکخراوانە کە ئامانجیان ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێنانە سەر کاری ڕێژیمێکی دێموکراتیکە کە لەودا پرەنسیپەکانی دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوەکانی ئێران لە بەرچاو گیرابێ بەشداریی چالاکانە بکات. ڕوونە یەکگرتوویی حیزبە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پێشەوەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەدایە، لەبەر ئەوەی یەکگرتوویی هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەرەنتی مافەکانمان لە هەر ئەگەرێک لە داهاتوودا دەستەبەر دەکات.

سڵاو لە ۲٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران