کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو

12:16 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: به بۆنەی ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی فینلاند ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ٧٣هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری "ڤاسا"ی فینلاند، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند بەرێوە چوو.

سەرەتای ئەو ڕێڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان وتاری کۆمیتەی حیزب لە لایەن "مەجید حەقی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی فینلاند پێشکەش کرا.

 لە پەیامی کۆمیتەی حیزب لە فینلاندا وێڕای ئاماژە بە هۆیە مێژوویییەکان و شوێندانەریی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بزاڤی نەتەوایەتی و گەشەی بیری نەتەوایەتی ئاماژەش بە ئەرکە هەنووکەیییەکانی کۆمەلگای کورد لە دیاسپۆرا کرا.

لە بەشێکی لە پەیامی کۆمیتەدا باس لەوە کرا، "ئەو بایەخانەی کە حیزبی دێموکرات لە یەکەم ڕاگەیاندراوی دوای دامەزرانی خۆی، خەباتی بۆی کردووە واتە: دێموکراسی، مافی چارەی خۆنووسین، خەبات دژی فاشیزم و هەڵاواردن، یەکسانیخوازی، پەروەردە، ژینگەپارێزی و مرۆڤسەنتەری. ئەمرۆ بوونەتە بایەخ و ئەرزشی هەموو کۆمەڵگای کوردستان و نەتەوە و گەلانی دەوروبەر".

لەو پەیامەدا لە پێوەندی لەگەڵ ئەرکی دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات باسی لەوە کرد: "لەو ڕۆژەدا جێی خۆیەتی ئەرکی خۆمان وەک کوردستانیانی دیاسپۆرا وەبیر بێنینەوە. یەکگرتوویی لە کردەوە، هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، بوون بە مرۆڤی جێی بڕوای کۆمەڵگای شوێنی ژینمان و جێکەوتن لە کۆمەڵگا تازەکان و هەوڵدان بۆ گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی و ناسنامەی کوردستانی و پێشکەوتووی ئەمرۆی جیهان، پشتیوانی لە خەباتی پێشمەرگەکان و گەشەپێدانی یەکسانیی کۆمەڵایەتی و پشتگیری لە خوێندن و پێشکەوتنی لاوان، ئەم ئەرکانەن کە ئێمە دەتوانین لە دەرەوەی وڵات جێبەجێ بکەین و پێکەوە لە چوارچێوەی رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکاندا ببینە پاڵپشتی سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و کۆلێکتیڤمان و پشتیوانی خەباتی نەتەوایەتیمان".

لە درێژەی بەرنامەکەدا پەیامی برووسکەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە ـ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران، ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆران و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند خوێندرایەوە.

پاشان چەند پارچە مووزیک و گۆرانی کوردی، لە لایەن هونەرمەندان "کاردۆ شێخۆ" و "کامران عەلیپوور" پێشکەش کرا.