ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندان یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ٣٠ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان کە یەکیکە لە یادگارەکانی کۆماری پڕشکۆی کوردستان پێک هێنا.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و پاشان ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا "پژمان شەریعەتی" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوەیە، پەیامێکی پێشکەش کرد.
شەریعەتی لە بەشێک لە پەیامەکەیدا پڕژایە سەر مێژووی یەکیەتیی لاوان تا بە ئەمڕۆ و لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ڕاسانی خۆرهەڵات و ڕۆڵی لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد كە هەنووكە لە ڕەوتی خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەكانیان نەخشی بە باندۆڕیان هەیە و بوونەتە هیوا و ئۆمێدی نەتەوەكەیان.
دواتر پەخشانێک لەلایەن پێشمەرگەی لاو "ئێحسان ڕەستگار" پێشکەشی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بە مەبەستی ڕێزگرتن لە تێکۆشان و ماندووبونی بەڕێوەبەرانی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێشوو کە بریتی بوون لە "عومەر فەخرەدین فەر، سامان سەیدئەحمەدی، وریا مەحموودی، دڵنیا لوتفی و واحید ئەحمەدی"، لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا. ئەو لەوحانە لەلایەن بەڕێز "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبەوە پێشکەشی ئەو پێشمەرگانە کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن "پژمان شەریعەتی" لەوحی ڕێزلێنان پێشكەش بەو ئۆرگان و دەزگایانە کرا کە هاوکار و یارمەتیدەری ڕێکخراوی لاوان بوون.
ئەو ئۆرگانانە بریتی بوون لە "نووسینگەی کارگێڕی، ناوەندی سیاسی، دەزگای ڕاگەیاندن، دەزگای ئەمنییەت، دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەزگای ڕێکخستنی گشتی، دەزگای بەدواداچوون و چاوەدێری، دەزگای دارایی و دەزگای هەڵبژاردن".
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕێز لەو کەسانە گیرا کە تەمەنی لاویەتیی خۆیان تەرخان بە کاری ڕێکخراوەیی لەم ڕێکخراوەدا کردووە. هەروەها ڕێز لە تێکۆشانی ئەندامانی چالاکی یەکیەتیی لاوان گیرا.
لە كۆتاییدا بەشداربووان بە شایی و هەڵپەڕكێ ئەو یادەیان ڕازاندەوە.