کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧٥ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە جێژنیکان بەرز ڕاگیرا

13:25 - 11 خاکەلێوه 2722

ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە جێژنیکان لە دوو بڕگەدا لەسەر گڵکۆی شەهیدانی کوردستان بەڕێوە چوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزب لە جێژنیکان بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر، پێشمەرگە، میوانان و بنەماڵەی شەهیدان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان "مەلا عەلی ئاسریس" بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی لە جێژنیکان پەیامێکی پێشکەش کرد.

پاشان گرووپی منداڵانی "ئەستێرە" لە جێژنیکان سروودێکی شۆڕشگێڕییان پێشکەش کرد.

لە بەشێکی تردا "هێرۆ عەزیزی" هاوسەری شەهید "ئاکام دەریایی" پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

دواتر شێعرێک لەلایەن "یووسف ئاجی" پێشمەرگەی کوردستان و شێعرێک لەلایەن منداڵانەوە پێشکەش کرا.

دواتر بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی کوردستانیان کرد.

لەسەر گڵکۆی شەهیدان ڕێژەی نیزامی بەڕێوە چوو و گرووپی منداڵان سروودێکیان پێشکەش کرد.

لە کۆتاییدا تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەلایەن "هێرۆ عەزیزی" هاوسەری شەهید "ئاکام دەریایی" و "قاسم کەڵەشی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانرا.