کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شاعیری ڕووناکدڵی کورد "ئەحمەدی کۆڕ" لە بۆکان بەرز ڕاگیرا

12:48 - 21 خاکەلێوه 2721

لە گوندێکی شاری بۆکان کۆڕیادێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شاعیری ڕووناکدڵی کورد "ئەحمەدی کۆڕ" بە بەشداریی شاعیران و نووسەران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ٢٠ی خاکەلێوە، لە گوندی "گردی قەبران" لە شاری بۆکان، بە بەشداریی ژمارەیەک لە شاعیران و نووسەران، کۆڕیادێک بۆ بەرزڕاگرتنی ناو و یادی شاعیری ڕووناکدڵی کورد "ئەحمەدی کۆڕ" بەڕێوە چوو.

لەو کۆڕیادەدا چەند کەس لە شاعیران شێعریان خوێندەوە و سەبارەت بەو شاعیرە قسەیان کرد.

شێخ "ئەحمەدی کۆڕ" ساڵی ١٢٢٦ی هەتاوی لە گوندی "شێوە سماکـ"ـی سەر بە شاری "شنۆ" لەدایک بووە و دواتر لە ناوچەی بۆکان لە گوندی "عەمبار" گیرساوەتەوە و ساڵی ١٢٨٦ی ھەتاوی  هەر لە "بۆکان" ماڵاوایی لە ژیان کردووە.

شێعرەکانی "شێخ ئەحمەد"، ھەر دوو توخمی کرمانجیی ژوورەوە و خوارووەی تێدایە و لەژێر کاریگەریی ئەدەبی عەرەب و عەجەمدا بووە و ئایین له شێعرەکانیدا بە جوانی ڕەنگی داوەتەوە.

دیوان و ژیاننامەی شێخ "ئەحمەدی کۆڕ"، لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینیدا چاپ کراوە.