کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدان لە بەرەبەری ساڵی نوێدا بەرز ڕادەگیرێت

17:24 - 27 رەشەمه 2719

ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی کوردستان، لە بەرەبەری ساڵی نوێدا بە یادکردنەوەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەریوان، لە بەرەبەری ساڵی نوێدا، یادی شەهیدانی حیزبی دێموکراتیان بەرز ڕاگرت و بەو شێوازە ئەمەگداریی خۆیان بە ڕێبازی نەمران ڕاگەیاند.

خاکیپۆشانی شار لەو چالاکییەدا بە دانانی جامانە و وێنەی شەهیدان و هەروەها هەڵکردنی لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شاری بۆکان، بە نووسینی دروشم و هەڵکردن و کێشانەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر کێوی تەرەغە و حەوزەگەورەی بۆکان، دەروەستیی خۆیان بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات نیشان دا.