کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی تەنگیسەری سەر بە شاری سنه، لە ساڵیادی حەماسەی کۆساڵاندا، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک، یادی شەهیدانی ئەم حەماسەیەیان بەرز ڕاگرت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی تەنگیسەر، لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک لە ساڵیادی حەماسەی کۆساڵاندا، یادی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
تێکۆشەرانی دێموکرات بە دانانی وێنەی شەهیدانی حەماسەی کۆساڵان و هەڵکردنی مۆم، هەروەها بە دانانی گوڵی سوور و جامانه، ڕێزیان لە یادی حەماسەخولقێنەرانی کۆساڵان گرت و بۆ جارێکی دیکە پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە.
سێ ساڵ پێش ئێستا و پاش ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵات لە بەهاری ساڵی ٩٥دا لە لایەن "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە، پۆلێک لە جەنگاوەرانی حیزب و گەل لە شاخی کۆساڵاندا، کەوتنە بەر ئاگری ڕقی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێرانەوە و شەهید کران.