کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی لەدایکبوونی قاسملوو لە کوردستان بەرز ڕاگیرا

11:02 - 1 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: شەوی یەڵدا، شەوی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو، لە شار و گوندەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەشکۆ بەرز ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی قارەمانی کوردستان، لە شەوی یەڵدادا، شەوی لەدایکبوونی شەهید دوکتور قاسملوو؛ بە ڕازانەوەی سفرەی تایبەت، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم، شایی و هەڵپەڕکێ ئەو شەوەیان بەرز ڕاگرت.

لە شاری سنە، خەڵک ئەمەگناسی سنە و دەوروبەری، لە هۆڵی ڕۆیا ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلەکەمان د.قاسملوو بەڕێوە برد و خەڵک لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، بە شایی و هەڵپەڕکێ و چۆپی کێشانی جامانەوە بە وتنەی گۆرانی" بە پیرۆز بە پیرۆز بێت یادی لەدایکبوونت" ئەم یادەیان بەرز نرخاند.

هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بۆکان، کیژ و کوڕانی ئەو شارە، به بڵاوکردنەوەی شیرینی لە شەقامەکانی شار و چەندین گەڕەکی ئەو شاره، شەوی لەدايكبوونى قاسملووى مەزنیان بەرز ڕاگرت و شایی و هەڵپەڕکێی کیژ و کوڕان هەتا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.

ڕۆڵەکانی دێموکرات، لەو شەوەدا بە خوێندنەوەی پەیامێک وێڕای پەیمانی وەفاداریی بە ڕێبازی شەهیدان بەڵێنیان دا، کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەست لە خەبات هەڵناگرن.

لەو پەیامەدا هاتبوو: "مامۆستا گیان، نەیارانت وەیانزانی گەر بتکوژنوانەکەمان تەواو ئەبێ و ئەبڕێیتەوە ناوی بەرزت لە مێشکمانا ئەسڕێتەوە، بەڵام گیانە زۆر هەڵە بوون هەتا ئێستاش لە ناو خوێن و دەمارمانای هەموو ڕۆژێ وانەی زیاتر لە سەربەستی بۆ هەموو قوتابیەکانت ئەڵێیتەوە هەموو ڕۆژێ لە دڵمانا ئەڕوێیتەوە".

مامۆستا گیان هەموو ڕێکەوتەکانی ژیانت لەدایکبوونه، هەتا کاتی شەهید بوونت خوڵقاندنی مێژووی پڕ سەروەری مرۆڤایەتی و بەخشێنەری ورە و بیر و بڕوا و متمانەبەخۆبوون و سووربوون لەسەر خەباتن بۆ گەلی کورد. هەر بەو جۆرەی لەسەر گڵکۆی پیرۆزت نووسراوە (ئەمن مردم کورد نامرێ) ئەی ڕێبەرم تاجی سەرم دوای ۲۹ ساڵ لە شەهیدبوونت وانەی خۆشەویستیت لە دڵی خەباتکارانی ئەم نیشتمانە شەپۆل دەدا، بۆیە ڕۆڵەکانی شاخ و شار دەستیان لێک گرێ داوە وڕاسانیان بەرهەم هێناوە،ئەمشەو هەموو کوردستانەکەم شەوی یەڵدا، لەدایکبوونی خۆر بەسەر تاریکیدا جێژن دەگرن و وانەی هەر دەم زیندوویت بۆ منداڵانی ئەو زێد و نیشتمانە دەڵێنەوە .

هەر بە بۆنەی شەوی یەڵدا، لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و گوندەکانی وەک "نێـ"ـی هەمیشە دێموکرات، تەنگیسەری قارەمان، "لەجـ"ـی مەهاباد، ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە چووە و بە ڕازانەوەی سفرەی تایبەت و شایی و خۆشی ئەو شەوەیان بەڕز ڕاگرت.