کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی موهەندیس خەیاتی لە یەکەم ساڵیادی کۆچی دواییدا بەرز نرخێندرا

15:24 - 26 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی شەهید موهەندیس رەزا خەیاتی لە یەکەم ساڵیادی کۆچی دواییدا رێزیان لە یاد و خەباتی ئەو کەسایەتییە گرت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی روژی دووشەمە رێکەوتی ٢٦ خەزه‌ڵوەر‌ی ١٣٩٣ی هەتاوی بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی کوچی دوایی موهەندیس رەزا خەیاتی، لە دامەزرێنەرانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران (Radio Dengi Kurdistani.Iran) هاورێیانی ئەو نەمرە له رادیو دەنگی کوردستانی ئێران و هەروە‌ها باقی ئورگانەکانی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی ئەو شەهیدە نەمرە سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد و تاجە گوڵینەیان لە سەر گڵکۆی شەهید موهەندیس رەزا خەیاتی دانا و بەم شێوەیە پەیمانیان لەگەڵ موهەندیس خەیاتی و شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان نوێ کردەوە.

موهەندیس رەزا خەیاتی تیکۆشەری ئازادیخواز، کادری دێرینی حیزبی دێموکرات و لە دامەزرێنەرانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، ساڵێک لەمەوبەر لە ئێوارەی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی بە هۆی رووداوی هاتوچۆ کۆچی دوایی کرد.

موهەندیس خەیاتی ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە شاری خۆی لە دایک بوو، ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە ئەرتەش دامەزرا و ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بە هۆی دۆستایەتی لەگەڵ دوکتور قاسملوو هاتە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات، ئەو کەسایەتییە لە دامەزرێنەرانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٢٧ی جۆزرەدانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا بوو و لە ماوەی ٣٣ ساڵ خزمەت لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێراندا سەدان کادر و پێشمەرگەی بۆ کاروباری فەننی و موخابراتی پێگەیاند.

موهەندیس خەیاتی ساڵی ١٣٨٩ی هەتای وەکوو رواێژکاری سکرتێری گشتیی حیزب بۆ کاروباری تکنیکی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دیاری کرا.

یادی بەرز و رێگای پڕ رێبوار بێت.