کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات بەرز و بەڕێز ڕاگیرا

13:44 - 10 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی ١٠ خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان وەک نەریتی هەموو ساڵێک  بە ئامادەبوونی ڕێبەرایەتیی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوت ٩ی خاکەلێوە، ڕێوڕەسمی یادی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدان کە لە سێ برگەدا پێکهاتبوو بەرز ڕاگیرا.

لە بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداربووان بە ڕێژەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بۆ سەردانیکردنی گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان بەڕێ کەوتن.

دواتر لە مەزارگەی شەهیدان، سروودی "ئەی شەهیدان" لەلایەن هونەرمەند "غوڵام فاتحی" و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

هەروەها سروودی "مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم" لەلایەن بەشداربووانی دەورەی ٢٤٨ی سەرەتایی پێشمەرگەوە خوێندرایەوە.

دواتر وەک نەریتی هەموو ساڵێک، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفاداری لە ڕێبازی پڕسەروەری شەهیدان لەلایەن بەڕێزان "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خاتوو "نەزیرە ئەحمەدی" هاوسەری شەهید ئێقباڵ عەلی ڕەمایی، نوێترین شەهیدی حیزبەکەمان و عەبدولکەریم جەلالی برای شەهید سەبری جەلالی لەسەر گڵکۆی شەهید سەید سەلام عەزیزی داندرا.

لە بڕگەی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا، پێشانگای وێنە و یادەوەرییەکانی شەهیدان کە لەلایەن بەشی شەهیدانی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتییەوە ئامادە کرابوو لەلایەن بەڕێزان "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی ناوەندی سیاسی و هەروەها خاتوو "ئامینە دادیلی" کچی مەلا کەریم و خوشکی شەهید مستەفا دادیلی و "شەماڵ حاجی ڕەسووڵی" برای شەهید سوڵتان حاجی ڕەسوولییەوە، بەڕووی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەدا کرایەوە.

بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە بڵاوکردنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاشان ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب لەلایەن بەڕێز "مامۆستا ئەحمەد ڕەحیمی" بەرپرسی ئەو کۆمیسیۆنەوە خوێندرایەوە.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی حەفتاو چوار ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوای ناوداری کورد، پیشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری یەکەمین کۆماری دێموکراتیکی کوردستان و یارانیدا تێدەپەرێ؛ ئەم ڕۆژە کە لە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەدا بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە، وەبیرهێنەرەوەی داستانی قارەمانی و گیانفیدایی پێشەوای سەر بەرزی کورد و دەیان و هەزاران ڕوڵەی، سەرفرازی ئەم گەلەیە کە زۆر لەخۆبوردووانە و خۆنەویستانە بوونە داینامۆی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و سەرئەنجام زۆر سەخاوەتمەندانە گیانی شیرینی خۆیان بەختی شکۆمەندی کوردستان و ژیانی سەربەرزانەی نەوەکانی داهاتوو کرد."

ناوبراو هەروەها وتی: " ئەوەی گرینگە بیزانین و بناغەی کار و کردەوە و تێکۆشانی خۆمانی لەسەر دابڕێژین ئەوەیە کە ئەو سیستەمە بە هەر فێڵێک خۆی نیشان بدات و کۆمەڵگەی نێودەۆڵەتی بە هەر بیانوو و هۆکارێک بیهەوێ لەگەڵی پێک بێت و هەڵبکا، لەوە ناگوڕێ کە کۆمەڵگای ئێران وکوردستان و سەرزەمینی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دیکە، لەوپەڕی ناڕازیبووندایە و کەلێنەکانی نێوان دەسەڵات و خەڵک بە جۆرێکن کە تەنیا بە ڕووخانی ئەو سیستەمە پڕ دەبنەوە."

دواتر سروودێک لەلایەن منداڵانی ئازادییەوە بە سەرپەرەستیی خاتوو "خەدیجە بەهمەن" لەژێر ناوی "شەهید گوڵی چیای بەرزە" پێشکەش بە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

هەروەها، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی "لاوان، ژنان و خوێندکاران" لەلایەن "جەماڵ فەتحی" سکرتێری یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

لەو پەیامەدا هاتبوو: " نەتەوەی کورد لەپێناو ڕزگاری و سەربەستیدا، گەلێک ڕۆڵەی ئازا و بەجەرگی فیدا کردووە و هەتا ئێستاش بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە، بەڵام ئەو زام و خەسارەی کە لەپێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستان هەڵی گرتووە، زامێک قووڵ و بەسۆیە کە ئێستاشی لەگەڵ بێت ساڕێژ نەکراوە، چونکە ئەم دەسکەوتە ئاواتی لەمێژینەی ئەم نەتەوە بەشخوراوە بوو و لە ڕوانگەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەسکەوت و دەرفەتێکی بێوێنە و بەنرخ بوو کە قەبووڵکردنی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەت دەسەڵاتی سەرەڕۆی پاڵەوییەوە ئەستەم بوو."

دوابڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە چەند بەستە و سۆزێک لەلایەن "فەتاح سەبزەواری" هونەرمەندی کورد بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی سوورخەڵات پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.