کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٢ی پووشپەڕ و پێشنیارێک بۆ حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو

17:12 - 26 پووشپەڕ 2721

شارۆ شنۆیی

 ٢٢ی پووشپەڕی هەموو ساڵێک لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا ڕۆژێکی تاڵ و تراژیدیکە بۆ هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر لە کوردستان. لەو ڕۆژەدا دوکتور قاسملوو ڕێبەری سیاسەتمەدار، دیپلۆماتکار و ڕێئالیستی بزووتنەوەی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە دەستی تیرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ڤیەنی پێتەختی ئۆتریش شەهید دەبێت و هەر دڵۆپە خوێنێکی دەبێتە چرایەک بە دەستی لاوانی ئازادی‌ویست دژی تاریکپەرەستانی ڕێژیمی ئاخوندی و لە هەست و نەستی هەر تاکێکی کورد ئێستا قاسملوو فەلسەفە و ئەندێشەیە و ڕزگاری و سەربەستی.

هزری دوکتور قاسملوو پاش 32 ساڵ لە تیرۆرکردنی لە هەموو بوارەکان ئایدیایەکی بەڕۆژ و نوێیە بۆ هەموو گەلان و دەسەڵاتدارانی ئێستای سەر جیهان و لەم هەزارەیەدا سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و خێرایی زانیاری و ئەو ڕێنێسانسە مەزنەی فەلسەفە و هونەر و ئەدەب و تێکنۆلۆژیا بەرهەمیان هێناوە نەیانتوانیوە بەسەر هزر و ئەندێشەی دوکتور قاسملوودا باز بدەن و پۆست قاسملوویی بخەنە بەر دیدەی مرۆڤایەتی؛ کە بە حەق دەتوانین بڵێین ئێستاش قاسملوو بە جیهانبینی و تێئۆرییەکانی لە نێو جیهاندا دەژیت و مرۆڤایەتی هەوڵی بەدیهێنان و جێگیرکردنی تێزەکانی دوکتور قاسملوو دەدات.

لەسەر ئەساسی ئەو ڕاڤە کورتە ئەگەر ڕۆچنەیەک بۆ بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچە بکەین و لە دوای ٤٢ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ڕێژیمی ئاخوندی لەسەر گەلانی ئێران لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا هەڵسەنگاندن بکەین، دەبینین کە ئەم خوێندنەوە ڕاستانەی دوکتور قاسملوو بە نیسبەت دەسەڵاتدارێتی ئێران کردبوونی تابڵۆیەکی ئاشکرا و ڕوون لە سیمای ڕێژیمی ئاخوندی نیشان دەدەن کە دەسەڵاتداری ئاخوندی بە دیکتاتۆر، پاوانخواز و فاشیست لە وێژمانی خۆی بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرە بە کار دەهێنا. چون ئێستا ئەو وێژەیە بەنیسبەت کۆماری ئیسلامی وێردی سەر زمانی هەر تاکێکی ئازادیخوازیی نێو گەلانی ئێرانە و بگرە دونیای نێودەوڵەتیش بەم ئەدەبیاتە کۆماری ئیسلامی ئێران پێناسە دەکات، چون لەڕاستیدا ئەوەی لە ڕێژیمی ئاخوندی لەبواری ناوخۆیی و دەرەکیدا سیاسەت دەکات ئاخوندیزم و پاسداریزمن کە وەک دوو جومگەی ئەساسی و گرینگ لەسەر ئەساسی تیرۆر و ئێعدام بۆ گەلانی ناوخۆی ئێران و پشتیوانی لە تیرۆریزمی ناوچەیی و جیهانی و هەڕەشەی چەکە ناوکییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ڕێژیمەکی دیکتاتۆر و ملهۆڕ خۆی سەپاندووە و بە ناوی شەرع و شەریعەتەوە ڕاڤە بۆ کارکردی خۆی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا دروست دەکات.

لە ئاستی ناوچەییشدا وەک ڕێبەرێکی دوورنواڕ بۆ پرسە ئایینی، نەتەوەیی و دەسەڵاتدارێتییەکان و ... لەسەر ئەساسی هزرمەندی و واقیعبینانەی بۆ داهاتوو پشتیوانی لە سێکۆلاریزم، مافی نەتەوەیی و دەسەڵاتێکی دێموکراسیخوازانە دەکرد و بە هەست بە بەرپرسیارێتی کردن بەرانبەر ئەو جیهانبینییە چەسپاوانەی خۆی لەهەمبەر ئەم چەمکانەدا هەیبوو، باشترین پێوەندیی لەگەڵ ئەحزاب، ڕێکخراوە و کەسایەتییە بڕوامەند بەو ئەندێشانە هەبوو لە زادەی هزری دوکتور قاسملوودا لە ئەگەری بە دێموکراسی کردنی هەر وڵاتێکی ناوچەیی. یان بەدیهێنانی مافی هەر گەلێکی ستەملێکراو و جێگیربوونی دێموکراسی کە ئەم کیانە بتوانێت پلۆلاریزم، تۆلێرانس و سێکۆلار جێگیر بکات و بە ئێلهاموەرگرتن لەم گەل و دەسەڵاتە نوێخوازە گەلی کوردیش هیوادارتر بە ڕزگاری و ئازادی دەبێت و ڕیزی خەبات ئاوەدانتر بۆ بەدیهێنانی ئاواتیان دەبێت.

لە ئێستادا کە یادی ٢٢ی پووشپەڕ دەکەینەوە، هزری دوکتور قاسملوو ڕێبازە بۆ هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و هاوکاتیش کە بڕیارە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات یەک بگرنەوە، بەو سیناریۆ ناڕوونانەی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنە ئاراوە و بەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەی دەبینین ئەوە "هێز"ە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە و گەلی کوردیش بەهۆی کۆلۆنیالیزمی ئایینی، جیهانیی و دەوڵەت - نەتەوەی سەردەست ئاسیملە دەکرێت، ڕێبازی بەرخۆدانی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئاخوندی هەڵگرتووە و دەیهەوێ بە مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی بگات.

هاوکات لە سیاسەتی جیهانی و بەو ڕووداوانەی لە نێو سەدەی کۆتایی لە وڵاتانی ناوچە ڕوویان داوە کە دێموکراسی، مافی مرۆڤ لایەکی باڵانسە و لایەکی تریش هێزە (هێزی چەکدارە) کە هاوکێشەکان دەگۆڕێت لەسەر مێزی دانوستاندن لەلایان دۆست و نەیارەکان خوێندنەوەت بۆ دەکرێت، بۆیە وەک پێشنیارێک لەو کاتە هەستیارەی ناوچەیی و بارودۆخی ئێران و یەکگرتنەوەی دێموکرات کە (پاڵنەر و هیوا) بۆ مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵات بەدی دەهێنێت، دروست وایە هاوکات لەگەڵ یەکگرتنەوە بۆ شوێندانەری لەسەر بڕیاری وڵاتان بە نیسبەت ساتوسەودایان بەرانبەر بە ڕێژیمی ئاخوندی و لەبەرچاوگرتنی ماف و داخوازییەکانمان هاوار و بانگەواز بدرێت تا لاوانی کورد پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب ببن و بە بوونی هێزێکی زۆر و بەهێزی پێشمەرگە بەرانبەر تاڵانگەرییەکان بۆ سەر نەتەوە و بزاڤەکەمان بوەستینەوە تاکوو بتوانین لەو سیناریۆ ناڕوونانە کە وەک شمشێری دووسەر بۆ سەر نەتەوەکەمان وایە بە قازانجی خۆمان کەڵک وەربگرین یا لانیکەم بەم هێزە کاریگەرەی پێشمەرگانەمان بتوانین دوژمن بکێشینە سەر مێزی دانوستاندن.

چون لەڕاستیدا ئێستاش یاسای دارستان زاڵە بەسەر زێهنییەت و لۆژیکی حاکمانی زاڵ بەسەر گەلەکەماندا. ئەگەر دەمانهەوێ نەخورێن و نەتوێینەوە دەبێ بەهێز بین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.