کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لە هاوڕێی شەهیدم کاک پیرۆت ڕەسووڵزاده

16:33 - 24 رەزبەر 2720

جەماڵ عەبدوڵڵا زادە

کاک پیرۆت ڕەسووڵزاده لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٢٦ لە گوندی قەرەقەساب سەر بە ناوچەی نەغەدە لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەردا لەدایک بووه‌.

سته‌می حکومەتی پاشایەتی دژی گەلی کورد و نه‌بوونی قوتابخانه‌ له‌ گوندەکان بوو بەهۆی ئەوەیکە پیرۆت لە خوێندن بێبەش بێت و نەچێتە قوتابخانە. بەڵام وشیاری و کوردپەروەریی بنەماڵەکەیان بوو بەهۆی ئەوەی پیرۆت وه‌كوو مرڤێكی شۆڕشگێڕی باڵا بكات و خه‌ت و خاڵ بدات.

کاک پیرۆت لە خۆپيشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایه‌تیدا له‌ ساڵی ٥٧ی هه‌تاوی لە نەغەدە و مەهاباد چالاکانە بەشدار بوو. ناوبراو پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی ڕیزه‌كانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ چالاكیی سیاسی و تێكۆشانی ئاشكرا هه‌ڵبژارد.

کاک پیرۆت له‌و سه‌رده‌مه‌دا پێوەندی بە حیزبه‌وه‌ گرت و بوو بە ئەندامی چالاکی حیزب و پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی هێرشی بەربڵاوی كردە سەر دێهات و شارەکانی کوردستان و حیزب بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە گوند و شارەکان پاشکشەی کرد، کاک پیرۆت لە شوێنی خۆی مایەوە و پاش ماوەیەکی کورت پێوەندی بە حیزبه‌وه‌ گرتەوە و وەک ئەندامی نهێنی دەستی بە کار و تێکۆشانی نهێنی کرد. ئه‌و هەموو ئەرک  و ڕاسپاردەکانی حیزبی به‌ باشی بەڕێوە دەبرد.

 هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هه‌تاوی، پاش ئەوەی تیمێک لە کادرەکانی کۆمیتە شارستانی نەغەدە لە شوێنێک کە کاک پیرۆت بۆیانی ده‌سنیشان كردبوو، ئاشکرا دەبن و دوو کادری بەوەجی حیزبەکەمان بە ناوەکانی فریا و جەماڵ مینائی شەهید دەبن و بە شەهیدبوونی ئەو کادرانە و ئاشکرابوونی شوێنی مانەوەیان کاک پیرۆت پێوه‌ندی ته‌شكیلاتی و هاوکاری لەگەڵ حیزب ئاشکرا دەبێ و ناچار په‌یوەست به‌ ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ده‌بێ.

کاک پیرۆت لە کاتی کاری نهێنی و تەشکیلاتی خۆی ڕۆڵێکی گرینگی لە هاوکاریکردنی کۆمیتە شارستانی نەغەدە و ڕێکخستنی تیمی نهێنیی تەشکیلاتی لە ناو شاری نەغەدە و دێهاته‌كانی دەورووبەری شار ده‌بێ.  پیرۆتی نه‌مر سه‌ر به‌ بنەماڵەیەکی ناوداری ناوچەی نەغەدە بوو، خۆی و بنه‌ماڵه‌ شۆڕشگێره‌كه‌ی خۆشه‌ویست و جێگای متمانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بوون. ئه‌و کەسانەی ئه‌و كات له‌گه‌ڵ کاک پیرۆت وه‌كوو ئەندامی نهێنیی حیزب کاریان ده‌كرد ده‌كرێ ئاماژه‌ به‌ خه‌باتگێرانی وه‌كوو شەهید ئەبوو چەقەڵ مستەفا و خوشکە عەزیمه‌ عوسمانی لە پێشمەرگە دڵسوز و چالاکەکانی حیزب بكه‌ین كه‌ دواتر تێكه‌ڵ به‌ كاروانی شه‌هیدانی كوردستان بوون.

کاک پیرۆت پاش ئاشکرابوون و په‌یوەست‌بوون بە حیزب به‌هۆی ڕابردووی دره‌وشاوه‌یه‌وه‌ هه‌ر زوو له‌ كۆمیته‌ی شارستانی نه‌غه‌ده‌دا ئه‌ركی پێ ئەسپێردرا. ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌بوو كه‌ کۆمیتە شارستانی نەغەدە ٤ کادری دیار و ناسراوی شەهید ببوون و  ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ له‌ ڕێکخستنه‌وه‌ی نوێدا قەوارەی کۆمیتە گۆرانی به‌سه‌ردا بێ.  ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ بوونی کاک پیرۆت و هارێیانی کۆمیتەیە توانی زۆر زوو جێگای شیاوی خۆی به‌ ده‌ست بێنێته‌وه‌ و له‌م باره‌وه‌ش ڕۆڵی بەرچاوی پیرۆت لە ڕێکخستنی نهێنیی ناوخۆدا، شارەزایی ناوچە، ناسینی خەڵک و متمانه‌ی خەڵک بە کاک پیرۆت توانی یارمەتدەرێکی باش بێ هەتا کۆمیتە و کادرەکانی بتوانن زۆر زوو لە نێو خەڵکدا جێی خۆیان بکەنەوە و لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو بن.

کاک پیرۆت و هاوڕێیانی ڕوویان له‌ هه‌ر ماڵێک كردبا بە گەرمی پێشوازیان لێ دەکرا، دیارە دەبێ ئیشارە به‌وه‌ش بكه‌م یه‌ک به‌ یه‌كی کادرەکانی کۆمیتە بۆ به‌ هەستی برایەتی و دۆستایەتی و شۆڕشگێڕی به‌وپه‌ڕی ڕاستگۆیی كاریان ده‌كرد و ئه‌مه‌ش هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنی كۆمیته‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو. شەهید پیرۆت هەستێکی ئەمەگناسی  و شۆڕشگیڕانەشی ده‌رحه‌ق به‌ بنه‌ماڵه ‌و كه‌سوكاری شەهیدانی گەلەکەی هەبوو، ئه‌و هەر گوندو باژێرێک کە ڕووی تێکردبا هەولی دەدا سەردانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان بكا و به‌م جۆره‌ ڕێزی تایبەتی لێدەگرتن و به‌رده‌وام پێشمه‌رگه‌كانیشی بۆ ڕێزگرتن له‌ خه‌ڵک و سه‌ردانی كه‌سوكاری شه‌هیدان ته‌شویق ده‌كرد.

کاک پیرۆت لە زۆر شەڕدا لە ناوچەی نەغەدە بەشداری چالاکانەی هەبوو، له‌م باره‌وه‌ ده‌توانم ئاماژه‌ به شەڕەکانی ناو گوندی قەرەقەساب، شه‌ڕی ناو شاری نەغەدە، شەڕی سەر ڕێگای محەممەدیار و نەغەدە و شەڕی سێ ڕێیانی محەممەدیار و ده‌یان تێكهه‌ڵچوونی دیكه‌ له‌گه‌ڵ سپای داگیركه‌ردا بكه‌م كه‌ شه‌هید پیرۆت به‌وپه‌ڕی بوێری و ئازایه‌تی له‌و شه‌ڕانه‌دا خۆی نیشان دا.

کاک پیرۆت مرۆڤێكی ڕاستگۆ و شۆڕشگێڕ و ڕووخۆش و مه‌جلیس خۆش بوو. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ وای كردبوو كه‌ كاك پیرۆت خۆشەویستی هاوڕێیانی بێ کەمتر کەسێ هەبوو لە ناو حیزبدا کاک پیرۆت نەناسێ و ڕێزی لێ نەگرێ. تایبه‌تمه‌ندیی به‌رز وای كردبوو كه‌ هەر کەس بۆ جارێکیش كاک پیرۆتی له‌ نزیكه‌وه‌ دیتبا دەکەوتە بەر دڵی و خۆشی دەویست. 

جیا له‌وه‌ی درگای ماڵی كاک پیرۆت به‌رده‌وام به‌ ڕووی پێشمه‌رگه‌ و هاوسه‌نگه‌رانیدا كراوه‌ بوو، بنەماڵەی بەڕێزیشیان ئەوپەڕی ڕێزیان له‌ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی شه‌هید پیرۆت ده‌گرت.

 ساڵی١٣٧٤ی هه‌تاوی به‌ ناچاری و له‌به‌ر دۆخێكی داسه‌پاو، كاك پیرۆت چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ وڵاتی فینلاند گیرسایەوە. هەر کە گەیشتە فینلاندیش خێرا پێوه‌ندی به‌ كۆمیته‌ی حیزب له‌و وڵاته‌وه‌ گرت و وه‌كوو ئەندامی حیزب تێکۆشانی خۆی دەست پێ کردەوە.

مخابن، زۆری نەکێشا کاک پیرۆت بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە پاش ساڵێک بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو نەخۆشییە به‌وپه‌ڕی حه‌سره‌ته‌وه‌و دوور له‌ خاكی نیشتمان لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ١٣٧٧ هەتاوی چاوه‌كانی له‌سه‌ریه‌ك دانا و درێژه‌دانی كاروانی پڕ له‌ شانازیی خه‌باتی كوردایه‌تی به‌ هاوسه‌نگه‌رانی له‌ حیزبی دێموكراتدا ئه‌سپارد.

ناوو یادی شه‌هید پیرۆت و گشت شه‌هیدانی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ له‌ دڵماندا زیندووه‌.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.