کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لە ھاوڕێی شەھیدم کەماڵ داژدووڕگە

19:53 - 3 خەرمانان 2718

جەماڵ عەبدوڵازادە 

شەهید کەماڵ ئیبراهیم دوخت ئازەر ناسراو بە کەماڵ داژدووڕگە لە ساڵی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە گوندی داژدووڕگەی سەر بە ناوچەی سندووس لە شارستانی نەغەدە لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە دایک بوو و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی وەک هەزاران کوڕ و کچی لاوی ئەم نیشتمانە داگیرکراوە چەکی شەرەف و کوردایەتی لە شان کرد و بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. 

دروستە شەهید کەماڵ هاوڕێی سەنگەرە قایم و بەورەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی من بوو و ئەم یادکردنەوەیە هەڵقوڵاو لە هەستی هاوڕێیەتی من بە نیسبەت ئەو هاوسەنگەرە شەهیدەیە بەڵام شەهید کەماڵ هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی و مێرخاسی بوو کە من هەمیشە هان دەدات بە بیرکردنەوەیەکی چەند دێڕی یاد لەم شەهیدە قارەمانە بکەمەوە. شەھید کەماڵ کوڕێکی رۆح سووک، شۆڕشگێڕ و دێموکرات، ئازا و چاونەترس بوو. قارمانی و بوێری لە باڵا و قەڵافەتی دەباری و لە زۆربەی ھەرە زۆری عەمەلیاتەکانی ھێزەکانی ئەفشین و دمدم و قەندیل وەکوو شەڕی سەرشاخان - کە لەو شەڕەدا جاش و خۆفرۆشی رەشناو قادر قەلاش بە سزای تاوانەکانی خۆی گەیشت - و شەڕی نیزیک قەڵاتی شا کە تاقمی بەناو گروهی زەربەتی نەغەدە تەفروتوونا کران و شەڕی دەستەویەخەی گوندی قەرەقەسابی سندووس کە لەو شەڕەدا برینداریش بوو بەشداری چالاکانەی کرد. شەهید کەماڵ لە زۆربەی عەمەلیات و دەرگیرییەکاندا ئەوپەڕی قارەمانیەتی دەنواند و ئازایی و چاونەترسی شەهید کەماڵ ببوو بە وێردی سەر زمانی دۆست و دوژمن.  

ناسینی من لەگەڵ ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی  ١٣٦٨؛ ئەو کاتەی کە شانازی لەبەرکردنی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم بە نەسیب بوو و تێکەڵاو بە کاروانی خەبات و کوردایەتی بووم. لە ساڵی ١٣٦٩ تاکوو ١٣٧١ی هەتاوی لە تیمێکی تەشکیلاتیدا رێکخرابووین و ناسیاوی من لەگەڵ شەهید کەماڵ زیاتر لەو چەند ساڵ هاوسەنگەرییە بە یەکەوە بوو. کەماڵ کورێکی زۆر دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو و لەگەڵ خەڵک زۆر رووخۆش و لەگەڵ دوژمنی گەلەکەی زۆر بە بڕشت و جیددی بوو. شەھید کەماڵ ھەر کات مەئموریەتێکیان پێ دەدا بێ یەک و دوو بەرێوەی دەبرد و ھەمیشەش لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بوو. کەماڵ کوڕێکی بە جەرگ و زیرەک بوو کە لە ناوچە دەبووین ھەمیشە قامکی لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگەکەی بوو و بە زوو دژکردوەوە نیشاندانی لەبەرامبەر دوژمندا ورەی بە تاک تاکی هاوڕێ پێشمەرگەکانی دەبەخشی و ھەر کەس لەگەڵ شەھید کەماڵ بووبایە پشتی گەرم بوو کە لە مەئموریەت و جەولە سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامییەکاندا سەرکەوتوو بێتە دەر.

بیرەوەری ئازایەتی شەهید کەماڵ گەلێک زۆرن، بەڵام رووداوی گرتنی دوو چەکداری رێژیم لە گوندەکەی خۆی لە گشتیان سرنجڕاکێشتر بوو. رۆژێک شەهید کەماڵ هاوڕێ لەگەڵ کادرەکانی کۆمیتەی نەغەدە دەچنە گوندەکەی خۆی و هاوکات لە هێندێک مەئموریەتی حیزبی دیدار لەگەڵ دۆست و خزم و کەس و هاوگوندی نوێ دەکەنەوە. شەھید کەماڵ لە گەڵ ھاورێیەکی خویدا خەریکی گەڕان لە نێو کۆڵانەکانی گونددا دەبن و حەشیمەتێکی زۆری گوندیش بە شوێنیان کەوتبوون کە لەنەکاو توشی دوو چەکداری رێژیم دەبن کە بۆسەیان بۆ پێشمەرگەکان دانابوو. شەهید کەماڵ کە بەسەریان دادەکەوێ و هەلی تەقە کردنی نابێ و لە وەبەرکەوتنی خەڵکی ئاساییش دڵنیگەران بوو لەو پەڕی ئازایەتیدا خۆ بە چەکدارەکان دا دەدا و ملی ھەر دوکیان دەگرێ و بە ھاوڕێیەکەی دەڵێ تفەنگەکەیان لێ بستێنە و ھەردووک چەکداری دوژمن لە پێش چاوی خەڵکەکە چەک دەکەن. ئەو حەماسەیەی شەهید کەماڵ لە تەواوەی ناوچەکەدا دەنگی دایەوە و دوژمنی بۆ بەداوداکردن و شەهید کردنی زیاتر هان دا.

رەحمەتی کاک قادر، باوکی شەھید کەماڵ  ھەمیشە لەوەی دەترسا کە کورد خیانەت بە یەکتر بکەن و دەیگووت ھەمیشە کورد لە کورد زەربە دەخوا دەنا دوژمن زەفەر بە کورد نابات و ھەمیشە قسەی سەر زاری ئەو ئەوە بوو کە خیانەت بەیەکتر مەکەن.

مخابن کە ھەر ئەم ترسەی باوکی بەرۆکی شەھید کەماڵیشی گرت و بە ھۆی راپۆرتی خۆفرۆشێک، جاش و خۆفرۆشە چڵکاوخۆرەکانی رێژیم لە رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٧٢ لە دەڤەری گوندی دووڕگەی سەرپردێ نزیک لە زێدەکەی خۆی لە کانگای بەرد، بۆسە بۆ تیمێکی تەشکیلاتی کۆمیتەی نەغەدە دادەنێنەوە و لە تەقە و پێکدادانێکدا کە ھاوڕێیانی شەھید کەماڵ کە ئەوکات لەگەڵی بوون دەگێڕنەوە کە زۆر بە ورە و ئازایانە دەستی کردەوە بەڵام لە ھەر چوار لاوە گەمارۆ درابوو. شەھید کەماڵ ھەتا فیشەکی ئاخر شەڕ دەکا و بەسەختی بریندار دەبێ و چەکدارەکانی رێژیم ھەتا سبەی نیوەڕۆ ناوێرن لێی نزیک ببنەوە. بەداخەوە بە ھۆی قورسی برینەکەی و خوێنڕێژی زۆر، کەماڵ پەیوەست بە کاروانی لەبڕان نەهاتووی شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەل دەبێ.

شەھید کەماڵ مرۆڤێکی تا بڵەی بنەماڵەدۆست و پابەند بە بنەما ئەخلاقی و مرۆڤییەکان بوو. شەهید کەماڵ مناڵی هەموو ئەو کوردستانەی بە مناڵی خۆی دەزانی و سۆز و خۆشەویستی دەدانێ و هەمیشە دووپاتی دەکردەوە کە پێشمەرگە خۆشەویستی خەڵکە و پێشمەرگەش دەبێ بەهەمان رادە خۆشەویستی و ئەمەگناسی بە خەڵکەکەی پیشان بدات. شەهید کەماڵ ئارەزووی ئەوە بوو کە ئەگەر تەمەن ئیزنی بدات کۆرپەکەی خۆی لە باوەش بگرێ بۆیە لە هەر کوێیەکی ئەم کوردستانە منداڵێکی بینیبا بە هەستێکی تایبەتەوە لە باوەشی دەگرت و سۆزی دەدایە.  ساڵی ٧٠ی هەتاوی شەهید کەماڵ لەگەڵ پەروین خانم ژیانی هاوبەشیان پێک هێنابوو کە بەرهەمی ئەم قۆناغەی ژیانی کچێکی خنجیلانە و جوان بوو کە بە پێشنیاری کەماڵ ناوی دەنێن کانیاو؛ بەڵام سەد داخ و مخابن شەھید کەماڵ وەک زۆرێک لە باوکانی شەهیدی ئەم زێد و نیشتمانە ھیچ کات کانیاو خانمی کچی نەدیت و لە ئامێزی نەگرت و بۆنی پێوە نەکرد. کانیاوی کچی دروست ٣ رۆژ پاش شەھید بوونی باوکی چاوی بە دونیایەک ھەڵێنا کە پڕ بوو لە چەرمەسەری و ناکامی.

یادی شەهید کەماڵ ھەردەم بەرز و پیرۆز، رۆحی شاد و رێگای پر لە رێبوار بێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.