کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییەکانی خەڵک لەلایەن جاشەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت

11:45 - 16 بانەمەڕ 2720

ئەو یارمەتییانەی کە بۆ خەڵکی هەژار و دەستکورت تەرخان دەکرێت، لەلایەن جاش و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، لە گوندی ''دزڵی'' سەر بە شاری سەوڵاوا، بڕیار وا بووە کە هەندێک کەلوپەلی وەکوو برنج و ڕۆن و خۆراکی دیکە بەسەر خەڵکی کەمداهات و دەستکورتی ئەم گوندە دابەش بکرێت، بەڵام لەلایەن جاشێک دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە ئەم جاشە خۆفرۆشە دەستی بەسەر ئەو کەلوپەلەدا گرتووە و بەسەر جاشەکانی دیکە و هەروەها ئەو کەسانەی کە بە ویستی خۆی بووە، دابەشی کردووە.

هەروەها چەند ڕۆژ پێشتریش، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە مەیدانی فووتباڵی بۆکان، کەلوپەلی وەکوو برنج، ڕۆن و گۆشت و هەروەها خۆراکیی دیکە کە لەلایەن چالاکانی مەدەنی و خێرخوازانەوە بۆ خەڵکی هەژار کۆ کرابووەوە، بەسەر بنەماڵەی جاشەکاندا بڵاو کردبووەوە.

ڕێژیمی ئێران کە لەبەر چاوی خەڵکدا یارمەتیی جاش و بەسیجەکان دەدات، لە هەوڵی ئەوەدایە کە وا نیشان بدات کە جاشەکان لە هەموو جۆرە  یارمەتی و خزمەتگوزارییەک بەهەرەمەندن و بەم شێوەیە دەیەوێت خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.