کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییەکانی خەڵکی شاری شنۆ ڕەوانەی لوڕستان کران

13:10 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: یارمەتییەکانی خەڵکی شاری شنۆ، ڕەوانەی ناوچە لافاولێدراوەکانی لوڕستان کران.

خەڵکی شاری شنۆ، لە ڕێگای کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"، بە کۆکردنەوەی یارمەتی و شمەکە سەرەکییەکان بە هانای خەڵکی لێقەوماوی لوڕستانەوە چوون.

خەڵکی شاری شنۆ، بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی ڕێژیم درێژەیان بە کارەکانی خۆیان داوە و لە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکان بەردەوام بوونە.

ئەوە حالێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە گوندی "تاچیناوێـ"ـی، سەر بە شاری شنۆ، لە کاتێکدا کە خەڵک بە شێوەی خۆبەخش خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان بوونە، لە لایەن فەرمانداریی ئەو شارەوە هۆشدارییان پێ درابوو و پێیان وتوون، "ئەگەر کۆتایی بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان نەهێنن، لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات بەرەوڕوو دەبنەوە".

پاش هاتنی لافاوەکان لە ئێران و کوردستان، بەتایبەت لە لوڕستاندا، کە خەسار و زیانێکی بەرچاویان لێ کەوتەوە، چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان بە دانانی کەمپەینێک لەژێر ناوی "زاگرۆس چاوڕێمانە"، بە کۆکردنەوەی یارمەتی و شمەکە سەرەکییەکان بە هانای خەڵکی لێقەوماوەوە چوون.