کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پارە بۆ ئێران نانێردرێت

12:58 - 17 خاکەلێوه 2720

سەرەڕای داواکاریی ٥ میلیارد دۆلاریی ڕێژیمی ئێران لە سندووقی نێونەتەوەیی پارە، ناوی ڕێژیمی ئێران لە لیستەی ئەو وڵاتانەدا کە یارمەتییەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پارەیان بۆ دەچێت بوونی نییە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، سندووقی نێونەتەوەیی پارە و بانکی جیهانی، یارمەتیی ئاوارتەیان بۆ وڵاتانی جیهان سێهەمی و کەمداهات بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا دابین کردووە کە لەنێو ئەو وڵاتانەدا ناوی ئێران بوونی نییە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران داوای یارمەتییەکی ٥ میلیارد دۆلاریی لە سندووقی نێونەتەوەیی پارە کردبوو و هەتاکوو ئێستاش وڵامی داواکەی ڕێژیمی ئێران نەدراوەتەوە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران بۆ دانیشتنی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە کە سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوە و بە بەشداریی وڵاتانی ناوچەی مەنا کە دەکاتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، بەشێوەی پاڵتاکی بەڕێوەچووبوو، بانگهێشت نەکرا.

ئەو دانیشتنە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و یارمەتی بە وڵاتانی کۆرۆنالێدراو بەڕێوە چووبوو.