کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییەکانی شاری سنە ڕەوانەی لوڕستان و ئیلام کران

12:18 - 21 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: یارمەتییەکانی خەڵکی شاری سنە، ڕەوانەی ناوچە لافاولێدراوەکانی لوڕستان و ئیلام کران.

شەوی سێشەممە، ۲۰ی خاکەلێوە، یارمەتییەکانی خەڵکی شاری سنە، کە لە لایەن "ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس" و لە درێژەی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"، لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا کۆ کرابووەوە، بۆ ناوچە لافاولێدراوەکانی هەردوو پارێزگای لوڕستان و ئیلام بەڕێ کران.

ئەندامانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس، ڕۆژی چوارشەممە، ۱٤ی خاکەلێوە، چالاکییە یارمەتییەکانی خۆیان لە درێژەی کەمپەینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"دا ڕاگەیاند و بە دانانی تیمەکانی خۆیان لە زۆربەی شوێنە گشتییەکانی شاری سنە و بە گەڕان لە نێو بازاڕ و دووکانەکاندا هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتییەکانیان داوە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ڕێکخراوه مەدەنییەکانی زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "زاگرۆس چاوڕێمانە"، بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لافاولێدراوی ناوچەکانی کوردستان ڕاگەیاند و یەکەم هەڵمەتی ئەم چالاکییە مرۆڤدۆستانە نەتەوەیییە لە شاری مەریوان دەستی پێ کرد.

پاشان بۆ زۆربەی شارەکانی‌ تری کوردستان پەرەی سەند و چالاکانی مەدەنی بە هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە خەڵکییەکان، لە درێژەی ئەو کەمپەینەدا کە لە شارەکانی مەریوان، سنە، ئیلام، دێولان، کامیاران، بانە، سەلاسی باوەجانی و چەندین گوند و ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوون، یارمەتییەکانی خەڵکیان بۆ ناوچە لافاولێدراوەکانی ڕۆژهەڵات کۆ کردەوە.

خەڵکی دڵسۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای پێشوازییەکی خۆڕسکانە لەو کەمپەینە، وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی یارمەتی لێقەماوانی ناوچە لافاولێدراوەکانی کوردستان لە پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستانیان دا.

لە ڕۆژی ڕابردووشدا، یارمەتییەکانی خەڵکی شاری مەریوان کە لە لایەن سەرجەم ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکانی ئەو شارە کۆ کرابووەوە، لە ڕێگای بارهەڵگرە خۆبەخشەکانەوە بۆ ناوچە لافاولێدراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان گواستەوە و ڕادەستی لێقەوماوانی ئەو ناوچانەیان کرد.