کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی زیارتگەی ئیمامانی شیعە ٣٠ لەسەد زیادی کردووە

12:17 - 29 خاکەلێوه 2722

ئەندامێکی ستادی گەشە و نۆژەنکردنەوەی زیارەتگەکان وتوویەتی ڕێژەی یارمەتییەکان بۆ نۆژەنکردنەوە زیارەتگەکان، لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بەنیسبەت ساڵی پێشووتر، سەرەڕای دۆخی نالەباری ئابووری ٣٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

پێوەندییە گشتییەکانی ستادی گەشە و نۆژەنکردنەوەی زیارتگەکان، لە زاری ''یوسف ئەفزەلی'' جێگری فەرهەنگیی ئەو ستادە، وتوویەتی بۆ ئەمساڵ بودجەیەکی نزیک هەزار و ٣٠٠ میلیارد تمەن پێشبینی کراوە.

بەرپرسانی ستادی نۆژەنکردنەوەی زیارەتگەکان کە سەر بە لقی قودسی سپای پاسدارانن پێشتر ڕایانگەیاندبوو زیاتر ١٥٠ پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی شوێنە مەزهەبییەکانی شیعە لە عێراق و وڵاتانی دیکە کە تێچووەکەی لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت هەتا ٢٠ ساڵی داهاتوو دەرێژەی دەبێت.

لە ماڵپەڕی ئەو ستادە کە ڕاپۆرتی کارەکانی هەتا ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی تێدا باس کراوە، هاتووە هەتا ئێستا  لە کۆی گشتیدا ١٥٦ پرۆژە کە عێراق و سووریە کە ٣٤ پرۆژە لە نەجەف، ٤٠ پرۆژە لە کەربەلا، ٢٩ پرۆژە لە کازمین، ١٩ پرۆژە لە سامڕا، ١٣ پرۆژە لە مەسیب، ٤ دانە لە بەلەد، ٥ دانە لە کوفە و ١٢ پرۆژە لە دەمشق لەلایەن ئەو ستادەوە بەڕێوە چووە.