کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاریزانێکی کورد بە سێهەم یاریزانی ئاسیا لە ساڵی ۲۰۱۸ هەڵبژێردرا

10:40 - 15 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کوردێکی یاریزانی تۆپی‌پێی ئێران، بە سێهەم یاریزانی تۆپی‌پێی ئاسیا، لە ساڵی ۲۰۱۸ی زایینی، هەڵبژێردرا.

عەلیڕەزا بەیرانوەند، گۆڵپارێزی کوردی یانەی پێرسپۆلیسی تاران و تیمی نیشتمانیی تۆپی‌پێی ئێران، کە یەکێک لە بەربژێرەکانی چوارەمین خولی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانانی ساڵی ۲۰۱۸ی تۆپی‌پێی ئاسیا بوو، لە لایەن لێژنەی داوەرانەوە کە لە چل‌ و چوار کارناس و داوەری نێونەتەوەییی تۆپی‌پێ پێک هاتبوون، پاش دوو یاریزانی کورەی باشوور و ژاپۆن، بە یاریزانی سێهەمی تۆپی‌پێی ئاسیا هەڵبژێردرا.

عەلیڕەزا بەیرانوەند، لە ۳۰ی خەرمانانی ۱۳۷۱ی هەتاوی، لە گوندی "سەرابیاس" سەر بە شاری خۆڕەماوا لە پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و سەرەڕای ئەوەی کە زۆر خولیای یاری تۆپی‌پێ بووە، بۆ گەیشتن بە حەز و ویستەکەی دژواریی و ماندووبوونێکی زۆری کێشاوە.

بەیرانوەند، لە خولی یانەکانی تۆپی‌پێی ئێران تاکوو ئێستا، لە تیمەکانی مێرمنداڵانی نەوتی تاران، نەوتی تاران، پێرسپۆلیسی تاران و هەروەها لە تیمی نیشتمانیی مێرمنداڵانی ئێران، تیمی نیشتمانیی لاوانی ئێران و تیمی نیشتمانیی ئێران گۆڵپارێزی کردووە و هەنووکەش گۆڵپارێزی بێڕەکابەر و نەگۆڕی یارییەکانی تیمی پێرپۆلیسی تاران و تیمی نیشتمانیی ئێرانە.