کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاریزانێکی کورد "خێراترین بردنەوە" تۆمار دەکات

12:17 - 23 پووشپەڕ 2720

"ماکوان ئەمیرخانی" وەزرشوانی هونەرە ڕەزمییەکان لە کێبڕکێیەکدا "خێراترین بردنەوە"  تۆمار دەکات.

لە یارییەکی جیهانیی بۆکسدا، "ماکوان ئەمیرخانی" وەرزشوانی کورد، توانی وەرزشوانی بەرامبەری شکست بدات و تەنیا بە سێ خولەک یارییەکەی لێی بباتەوە.

ئەو وەرزشوانە کوردە لە کاتی یارییەکەدا هەتا ڕادەیەک بەخێرایی هێرش دەکاتە سەر بەرامبەرەکەی کە هیچ شانسێکی پێ نادات بەرگری لەخۆی بکات.

خێرایی ئەو وەرزشوانە کوردە لە کاتی یاریکردندا ئەوەندە زۆر بووە کە وەک خێراترین بردنەوە لە مێژووی پاڵەوانیێتییەکدا  تۆمار کراوە.

"ماکوان"، لەدایکبووی شاری کرماشان سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دانیشتووی وڵاتی فەنلاندە.

ناوبراو لە زۆرینەی کێبڕکێیەکاندا، پاش بەدەستهێنانی سەرکەوتن، ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز دەکاتەوە.

ئەم وەرزشوانە کوردە، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ فەنلاند کۆچی کردووە و چالاکییە وەرزشییەکانی خۆی لە "کوشتیـ"ـدا دەست پێ کردووە و دواتر لە "بووکس" درێژەی پێ داوە.

 ئەم وەرزشوانە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە لە کێبڕکێیەکاندا بەشداریی کردووە و سەرکەوتنی زۆری بەدەست هێناوە.

"ماکوان"، لە کێبڕکێیەکانی "یوو ئێف سیـ"دا، کە لە بەناوبانگترین کێبڕکێیە وەرزشییەکانی جیهانە، وەکوو وەرزشوانێکی فەنلاندی بەشداری دەکات و لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: "وڵاتی من کوردستانە و فەنلاند شوێنی ژیانی منە".