کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی ١١ شەهیدی دێموکرات چالاکییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری مەریوان لە گوندی "ئەوێهەنگ" بۆ ڕێزگرتن لە یازدە شەهیدی سوورخەڵاتی گەل، شەهیدان "کاوه جەوانمەرد، سەرکەوت سەمەدی، مێهدی شێخی، ئەکبەر مینبەری، شاخەوان مینبەری، شۆڕش مینبەری، ئەفشار سوورەبوومە، ساحێب حوسەینی، هیوا قوربانی، ڕووحوڵا حەیدەری و بەرزان حوسەینی" ١١ گوڵە شلێرەیان بە ڕەمزی وەفاداری و بەڵێن دان بە ڕێبازیان لە سەر جامانە دانابوو.
ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە دوای ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات، پۆلێک لە قارەمانانی دێموکرات کە بۆ ئەرکی حیزبی گەڕابوونەوە ناوخۆی وڵات، لە شاخەکانی کۆساڵان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دوای چەند ڕۆژ شەڕی قارەمانانە و خوڵقاندنی حەماسەیەکی بێ وێنە، ١١ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.