کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یازدە گەڕەکی مێژوویی لە "خوڕەم‌ئاوا" لە حاڵی لەنێوچووندان

12:45 - 29 جۆزەردان 2722

"محەممەد محەممەدی ئەسڵ" مامۆستای زانکۆی "عێلمی- کاربۆردیـ"ـی پارێزگای لوڕستان وتوویەتی، یازدە گەڕەک و شوێنی مێژوویی لەنێو شاری "خوڕەم‌ئاوا" سەر بە پارێزگای لوڕستان کە پێکهاتەیەکی مێژووییان هەیە بە گشتی لەنێو چوونە و چەند شوێنی دیکەش لە حاڵی لەنێوچووندان.

گەڕەک و شوێنەکانی "باباتاهیر، زەید بنی عەلی، پاسنگەر، باجگیران، حەکیم‌ئاباد، گەڕەکی گرداب، پردی بێهیاری، گوڵە زەرد، دەرکەی حەمامەکان، شەقامی مەولەوی، پشتی بازاڕ و بازاڕ" لەو شوێنانەن کە بە گشتی لەنێو چوونە یان ئەوەیکە لە حاڵی لەنێوچووندان.

لە شاری خوڕەم‌ئاوا زیاتر لە ١٠٥ هێکتار لە چوارچێوەی یازدە گەڕەک، بە پێکهاتەی مێژوویی بوونی هەیە کە ٨٠ هێکتار لەو شوێنانە وەک ئاسەوارێکی مێژوویی ناویان تۆمار کراوە بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە هیچ گرینگییەکی ئەوتۆیان پێ نەدراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە شاری کرماشان ماوەیەکی زۆرە پرۆژەی "تێلێکابین" لەلایەن "شارەداریـ"ـیەوە هاتووەتە بواری جێبەجێکردن کە بڕیارە بە "تاق بوستانـ"ـدا کە شوێنێکی مێژووییە تێپەڕ بێت، بەڵام هەتا ئێستا کارناسانی دێرینەناسی هێچ هەڵوێستێکیان بەرانبەر بەو بڕیارەی شارەداری ئەنجام نەداوە.

بیدەنگیی دێرینەناسانی کرماشان لە حەڵێکدایە کە تێپەڕبوونی تێلێکابین بە چوارچێوەی "تاقبوستانـ"ـدا لەگەڵ یاسای ڕاگەیەندراوی ساڵی ١٣٩٨ کە سەبارەت بە هەرێمی شوێنەوارە مێژووییەکان دەر کراوە، دژایەتی دەکات.