کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسادانەرانی ئامریکا داوایان کردووە سەرجەم بەشیی ماڵێی ڕێژیمی تاران گەمارۆی بخرێتە سەر

11:27 - 4 رەزبەر 2720

"سکات پێری" نوێنەری کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا  و ٥٦ هاوکاری کۆماریخوازەکان لە نامەیەکدا بۆ دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا داوایان کردووە بەشی ماڵیی ئێران بە گشتی گەمارۆی بخرێتە سەر.

لەو داواکارییەدا هاتووە ئەگەرچی سەرکۆماری ئامریکا بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ڕێژیمی ئێران لێبڕاوانە کاری کردووە بەڵام هێستاش ١٤ بانکی ئێرانی پێوەندییان لەگەڵ سیستمی ماڵیی جیهانیدا هەیە.

ئەو بەرپرسانەی ئامریکا لەو نامەیەدا ئاماژەیان بەوە کردووە ڕێژیمی ئێران بە دەستپێڕاگەیشتنی بە بەشی ماڵی کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدات و دەبێ پێش بە ڕێژیمی ئێران بگیردرێت.

ئامریکا بە پەسندکردنی گەمارۆی ئابووریی دژی ڕێژیمی ئێران گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران و ئابووریی ئەو وڵاتە داڕماوە.

پێشتر ئابووریناسانی ئێران لەبارەی دۆخی ئیستای پێوەرەکانی ئابووری و دژواربوونی ئەم دۆخە کە لە ساڵی داهاتوودا بەرەو قەیرانێکی زیاتر دەڕوات؛ هۆشداریان دابوو.

هەروەها ئابووریناس ''محەممەد قۆلی یووسفی''، لە هەمبەر ئەو قسانەی کە بەرپرسانی ڕێژیم دۆخی ئابووریی ئێران بەباش نیشان دەدەن، وتبووی، زۆر بەداخم کە بەرپرسانی ڕێژیم ڕاستییەکانی دۆخی ئابووری بە خەڵک ڕاناگەیەنن.

ناوبراو وتبووی ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جێژن و شایی بۆ خۆیان دەگێڕن، نیشاندەری ئەوەیە کە داواکارییەکان و ژیانی خەڵکیان بۆ گرینگ نییە. بەرپرسانی ڕێژیم کۆمەڵێک ژمارە وەسەر یەکک دەخەن و تەبلیغی پێدەکەن.