کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤٠ یاسادانەری ئامریکایی نامەیەکیان بۆ بایدن نووسی

12:56 - 20 رەشەمه 2720

١٤٠ ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک داوایان لە سەرکۆماری ئامریکا کردووە کە "ڕوانگەیەکی گشتگیر" بەنیسبەت هەڕەشەکانی ئێرانەوە لە پاڵ هەوڵەکاندا بۆ بووژاندنەوەی بەرجام بگرێتە بەر.

ئەو نامەیە لەلایەن "ئانتۆنی براون" و تیمی "والتز" لە ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا ئامادە کراوە و ٧٠ نوێنەری دێموکرات و ٧٠ نوێنەری کۆماریخواز واژۆیان کردووە.

بەپێی دەقی ئەو نامەیە کە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمە لە ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی "ئانتۆنی براون" بڵاو کراوەتەوە، ١٤٠ نوێنەری مەجلیسی نوێنەران داوایان لە "ئانتۆنی بلینکێن" وەزیری دەرەوەی ئامریکا کردووە، لە حاڵێکدا کە واشنتۆن بۆ دانووستاندنە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران ئامادە دەبێت، لەو دانووستاندنانەدا دەبێ بۆ شەپۆلێکی تەواو لە هەڕەشەکانی ئێران کە بەرەوڕووی ناوچە دەبێتەوە، ڕێکەوتنێکی گشتگیر و تەواو ئەنجام بدرێت.

ئەو نوێنەرانە بە ئاماژە بەوەی کە واژۆکەرانی ئەو نامەیە لە هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتن، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ڕوانگەی هاوبەشی ئەوان ئەوەیە کە لە پاڵ پێشگرتن بە بەرنامەی دروستکردنی چەکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە، دەبێ شەپۆلێکی بەرین لە "کردارە ناڕەواکانی ئێران" ڕابگیرێت.