کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاساغکردنی بەشداری لە چوارشەممە سووری بە وەرگرتنی بەڵێننامە

11:59 - 14 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی سەلاسی باوەجانی، بە وەرگرتنی بەڵێننامە لە قوتابییان بەشداریکردن لە چوارشەممە سوورییان یاساغ کرد.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، بەرپرسانی ڕێژیم، لە قوتابخانەی موبینی ١ی شاری سەلاسی باوەجانی بەڵێننامەیان لە قوتابییانی ئەو قوتابخانە وەرگرتووە، هەتا لە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووریدا بەشداری نەکەن.

ئەو بڕیارەی بەرپرسانی قوتابخانەی موبین، لەسەر بنەمای ئەگەری برینداری و سووتان و کەمئەندامبوونی منداڵان لەو ڕێوڕەسمەدا دراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، کە ئەو بڕیارەی بەرپرسانی قوتابخانەی موبین لە کاتێکدایە، کە دەسەڵاتی ئاوا بڕیارێکیان نییە، بەڵکوو ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی، ئەو بەڵێننامەیان لە ترسی ڕوودانی کووبوونەوەی ناڕەزایەتی لەو ڕۆژەدا بەرانبەر کاربەدەستانی حکوومەتی بە قوتابخانەکان داوە.

بەرپرسانی حکوومەتی، بە بەرپرس و مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەڕێوە نەبردنی ئەو بڕیارە مامۆستایان تووشی سزا دەبن.

هەموو ساڵێک لە بەرەبەری هاتنی نەورۆزدا، ڕێژیمی ئێران زەخت و گوشارەکانی بۆ سەر خەڵکی شارەکانی کوردستان زیاتر دەکاتەوە و هەوڵی کونترۆڵیان دەدات و بە بانگهێشتکردن و وەرگرتنی بەڵێننامە لە خەڵک چاوترسێنی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانیان دەکەن.