کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسای بەرتەسککردنەوەی زانکۆکان بۆ ئاستی پارێزگاکان، هەڵاوردنی دروست کردووە

11:24 - 10 بەفرانبار 2721

''ڕەشید قوربانی'' بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە وتوویەتی: ''هەر چەند خوێندکارانی کوردستان هەموو ساڵێک پلەی نێوان ١٠ بۆ ١٤هەمیان لە ئاستی هەموو ئێراندا هەیە، بەڵام بەهۆی یاسای بەرتەسککردنەوەی زانکۆکان بۆ ئاستی پارێزگا و بە ناوی ''بومی گوزینیـ''ـیەوە لە زانکۆ باڵاکان بۆ وەرگرتنی خوێندکار لە پلەی ٢٢ بۆ ٢٧ـی ئێرانداین''.
هەواڵدەریی ''مێهر'' سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، ڕەشید قوربانی لە دانیشتنی ئەنجومەنی پەروەردەی پارێزگای سنە وتوویوتی: ''لە بواری سەرچاوە مرۆییەکانەوە هەشتەمین پارێزگا لە ئاستی ئێرانداین، بەڵام لە بواری ئیمکاناتەوە لە ڕیزی ٢٢ بۆ ٢٧ـەمی ئێرانین.

ناوبراو وتوویەتی: " بەو حاڵەشەوە هەموو ساڵێک پلەی زانستیی پارێزگای سنە لەنێوان ١٠ بۆ ١٤ دایە، بەڵام لە بواری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ باڵاکان لەنێوان ٢٢ بۆ ٢٧ـەمین پارێزگا لە ئێران دایە".

قوربانی دانی بەوە داناوە کە یاسای ''بومی گوزینی'' یان ڕێگەپێدانی خوێندکارانی هەر پارێزگایەک تەنیا لە زانکۆکانی پارێزگاکەی خۆی بۆ خوێندن، ڕێگری کردووە لە وەرگرتنی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی پێشەنگی ئێران و ئەمەش هەڵاواردنێکی دیکەیە.
هەروەها لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا، ''مەهدی نامدار'' جێگری پەروەردەی ناوەندیی سنە وتوویەتی، ٢٥ لەسەدی کچان پێش ئەوەیکە بچنە زانکۆ، بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و دەرفەتی خوێندن ناچار دەبن دەست خوێندن هەڵگرن.

بەوتەی ناوبراو لە ئێستادا بۆ هەر ١٢ قوتابی یەک مامۆستا هەیە کە لە ئاستی ئامارە نێودەوڵەتییەکان زۆر لە خوارەوەترە و زۆربەی ئەو مامۆستایانەش بەشێوەی کاتی کار دەکەن و هیچ ئەمنییەتێکی پیشەییان نییە.