کوردستان میدیا: فیلمێکی کوردی، لە فستیڤاڵی فیلمی Ficocc لە ئیسپانیا دوو خەڵاتی بە دەست هێنا.
فیلمێکی کوردی بە ناوی "یاسای شێتەکان" بە دەرهێنەریی "هاوکار مستەفا" لە فێستیڤاڵی فیلمی Ficocc کە لە شاری "بارسێلۆنا"ی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوە چوو، لە خولی ٢٥ـەمی ئەو فێستیڤاڵەدا بوو بە خاوەنی دوو خەڵات.
ئەو خەڵاتانەی کە فیلمی "یاسای شێتەکان" بۆ خۆی تۆماری کرد، بریتی بوون لە: "خەڵاتی باشترین فیلم و خەڵاتی باشترین دیزاینی جلوبەرگ".
هاوکار مستەفا، دەرهێنەری فیلمی یاسای شێتەکان، سەبارەت بە ناوەڕۆکی فیلمەکەی وتوویەتی: "فیلمی یاسای شێتەکان، باس لە چیرۆکەکانی لە سێدارەدان دەکات، کە مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت ئەشکەنجە و ئازاری ژیان لەو بەرھەمەدا، بەڕوونی دەبینرێت و دوا وێستگەی ژیانی ئەو کەسایەتییەش بە پەتێک کۆتایی پێدێت".
هەر لەو پێوەندییەدا، لە ڕۆژانی رابردوودا، "شۆڕش وەکیلی"، فیلمسازی کوردی خەڵکی کامیاران، لە فستیڤاڵی نێونەتەوەیی "شاهۆ"ی هێندوستاندا، توانیویەتی خەڵاتی باشترین فیلم و پەیکەرەسەری زێڕینی ئەم فستیڤاڵه بۆ کورتەفیلمی "لەکە" مسۆگەر بکات.