کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یانەی هەندباڵی شاباد گەیشتە ئاستی ئاسیایی

12:24 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: یانەی هەندباڵی شاباد سەرکەوتووانە گەیشتە ئاستی کێبڕکێیەکانی ئاسیا.

یانەی زاگرۆسی شاباد بە سەرکەوتن لە بەرانبەر یانەی "سەربەدارانی سەوزەوار"، مۆڵەتی ئامادەبوون لە کێبڕکێیەکانی ئاسیاییی هەندباڵی بۆ ساڵی داهاتوو بە دەست هێنا، یانەی زاگرۆسی شاباد کەمتر لە یەک ساڵە دامەزراوە و لەو ماوە کەمەدا توانیویەتی سەرکەوتنێکی بێوێنە بە دەست بێنێت.

خەڵکی شاباد، خۆشحاڵیی خۆیان لە بەرانبەر ئەو سەرکەوتنەدا، بە هەڵپەڕکێ و شایی جێژن گرتووە و جێی ئاماژەشە یانەی هەندباڵی شاباد یەکەم یانەی هەندباڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە گەیشتووەتە ئاستی کێبڕکێیە ئاسیایییەکان.

وەرزشوانانی کوردی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران، سەرەڕای سیاسەتی هەڵاواردنی ڕێژیمی ئێران و خۆبواردن لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان لە لایەن ناوەندە بەرپرسیارەکانەوە، لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردووە و سەرکەوتنی مەزنیان تۆمار کردووە.

وەرزشوانانی کورد، لە ٤ پارێزگای کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەرەوڕوویان دەبێتەوە و رێژیمی ئێران هیچ پێداویستییەکی وەرزشییان بۆ دابین ناکات، بەردەوام لە کێبڕکێیەکاندا لە ئاستی جیهانی و ئێران، میداڵی ڕەنگاوڕەنگ بە دەست دێنن.